خۆڕاگری: ئیسماعیل خالیدیان، هاووڵاتیی خەڵکی دیواندەرە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، بەشێوەیەی دڕەندانە دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی “۱۹ی نۆڤەمبەری ۲۰۲٦ی زایینی” هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئیسماعیل (سمکۆ) خالیدیان لە گوندی “نەسارە”ـی سەر بە شاری دیواندەرە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک و بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی، دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.
ناوبراو پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە، کە ڕەنگە ئەمە یەکێک لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنەکەی بێت و هەروەها هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ورد لەبارەی هۆکاری دەسبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراوە و چارەنووسی شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نییە و بنەماڵەکەشی لە دڵەڕاوکێی بەردەوامدان.

Be the first to comment