خۆڕاگری: زاهیر قوربانی، هاووڵاتیی خەڵکی میاندواو، پێشتر باوکی لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو، بۆ ئازابوونی باوکی خۆی ڕادەستی ئیتلاعات کرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی “۱٦ی ئاگۆستی ۲۰۲٦ی زایینی” زاهیر قوربانی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “گامێشگۆلی”ـی سەر بە شاری میاندواو، دوای ئەوەی بە ناچاری خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم ناساند، کە پێشتر داوای کرابوو، هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کرا و چارەنووسی ناڕوونە.
ئەم دەسبەسەرکردنە لە کاتێکدایە کە هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم ڕۆژی هەینی، ٢٣ی گەلاوێژ، بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی ناوبراو هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەیان، بەڵام لەبەر ئەوەی ناوبراو لە ماڵ نەبووە، باوکیان بە ناوی “لوقمان قوربانی” لە جێگەی کوڕەکەی دەسبەسەر کردبوو و بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندبوو کە ئازادکردنی لوقمان قوربانی بەندە بەوەی کوڕەکەیان خۆی بە ناوەندە سەرکوتکەرەکان بناسێنێت و لە ئاکامی ئەو گوشار و هەڕەشانەدا، زاهیر قوربانی ناچار بوو ڕۆژی یەکشەممە خۆی ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە میاندواو بکات.
شایانی باسەکە، دوای ئەوەی زاهیر قوربانی خۆی بە ناوەندە سەرکوتکەرەکان ناساندووە و دەسبەسەر کراوە، باوکی ئازاد کراوە و هەروەها تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و دۆخی تەندروستیی زاهیر قوربانی لە بەردەستدا نییە.

Be the first to comment