ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان پاش ۲۰ڕۆژ

خۆڕاگری: محەممەد موعین‌پوور، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، پاش تێپەڕبوونی ٢٠ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنیدا، هێشتا لە دۆخێکی نادیاردا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگیراوە.
ڕۆژی یەکشەممە، ۱٥ی خەرمانانی ۱٤۰٥ی هەتاوی “٦ی سێپتامبری ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: محەممەد موعین‌پوور، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان ماوەی ۲۰ڕۆژە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و بێ ڕەچاوکردنی مافە سەرەتاییەکانی، لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان ڕاگیراوە.
ناوبراو ڕۆژی ٢٥ی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا و بۆ بەندی دووی ئەمنییەتیی بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گوازراوەتەوە و لە سەرەتادا بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کراوە، بەڵام دواتر تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی چەکیشی خراوەتە پاڵ.
جێی ئاماژەیە کە، سەرەڕای ئەوەی دادگا بڕی ٥ ملیارد تمەن وەک بارمتە بۆ ئازادکردنی کاتیی ناوبراو دیاری کردووە و بنەماڵەکەشی ئامادەیی خۆیان بۆ دابینکردنی ئەو بڕە پارەیە دەربڕیوە، بەڵام بەرپرسانی قەزایی و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ڕێگری لە ئازادکردنی دەکەن و لەماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافە سەرەتاییەکانی بێبەش کراوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*