دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد نادیارە

خۆڕاگری: عادڵ کاکە، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد ماوەی دوو ساڵە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
ڕۆژی شەممە، ۱٤ی خەرمانانی ۱٤۰٥ی هەتاوی “٥ی سێپتامبری۲۰۲٥ی زایینی” بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەژووری هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ماوەی دوو ساڵ بەسەر دەسبەسەرکردنی عادڵ کاکە، هاووڵاتیی تەمەن ٢٣ ساڵانی خەڵکی گوندی “دۆستاڵ”ـی سەربە شاری مەهاباد تێدەپەڕێت و تا ئێستاش چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە و ئەوە بووەتە هۆی نیگەرانیی قووڵی بنەماڵەکەی.
ناوبراو کە پێشتر سێ ساڵ ئەزموونی پێشمەرگایەتیی لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا هەبووە، دوای گەڕانەوەی بۆ مەهاباد، ڕۆژی سێشەممە، ۱۳ی خەرمانانی ۱٤۰۳ی هەتاوی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمەوە لە مەهاباد دەسبەسەر کرا و سەرەتا بۆ ناوەندەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ گوازراوەتەوە و لەوێ لەژێر ئەشکەنجەیەکی قورسدا بووە، دواتر بۆ بەندیخانەی مەهاباد گوازراوەتەوە، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەبارەی بارودۆخی تەندروستی و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.
ناوبراو لەو کاتەوە تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتەوەپاڵدراوەکانی و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بەو بنەماڵەیە نەداوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*