کۆچی دوایی تێکۆشەر و بەندکراوێکی سیاسیی پێشووی خەڵکی مەهاباد بەهۆی نەخۆشییەوە

خۆڕاگری: کاک مستەفا کاکەلێ، لە کەسایەتییە نیشتمانپەروەرەکان و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی مەهاباد، لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵئاوایی لە ژیان کرد و دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ۲۷ی گەلاوێژی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۱٨ی ئاگۆستی ۲۰۲٦ی زایینی” کاک مستەفا کاکەلێ، کە لەنێو خەڵکی ناوچەکەدا بە کەسایەتییەکی خۆشەویست و خاوەن هەڵوێست ناسرابوو، لە ساڵەکانی ٥٨ و ٥٩ی هەتاویدا وەک پێشمەرگەیەکی قارەمانی کوردستان ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی بەجێ گەیاند لە کۆتاییەکانی ساڵی ٥٩ی هەتاوی، بە ڕێنوێنی و ئاگاداریی حیزبی دێموکرات گەڕایەوە نێو شاری مەهاباد، بەڵام هەر لەو ساڵەدا بەهۆی بیر و باوەڕە سیاسییەکانییەوە، لەلایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا.
پاش لێپرسینەوە و بەڕێوەچوونی دادگایەکی نادادپەروەرانە لەژێر ناوی دادگای ئینقلابی ڕێژیم، کاک مستەفا بە تاوانی تێکۆشانی سیاسی سزای ٢٠ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و ٨ ساڵی تەمەنی خۆی لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بە سەربەرزی و کۆڵنەدانییەوە تێپەڕاند و هەروەها ئەو زیندان و ئەشکەنجانەی کە لەو ساڵانەدا بەسەر ناوبراودا هێنران، نەیتوانی هیچ درزێک بخاتە نێو ئیرادەی پۆڵایین و باوەڕە ڕەواکەی بۆ دۆزی گەلی کورد.
لەلایەن ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان سەبارەی بە کۆچی دوایی کاک مستەفا، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستە بنەماڵە، کەسوکار و هەموو خەڵکی تێکۆشەری مەهابان و دەوروبەری دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*