خۆڕاگری: بە نزیکبوونەوە لە چوارەمین ساڵوەگەڕی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە سنە دەستیان بە گوشار و دەسبەسەرکردنی پێشوەختەی هاووڵاتییان کردووە و جەلال خودامردای و موحسین حوسێنپەناهییان دەسبەسەر کردووە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی “۱٤ی سێپتامبەری ۲۰۲٦ی زایینی” جەلال خودامرادی و موحسین حوسێنپەناهی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە، دوای ئەوەی لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بانگ کران هەرلەوێ دەسبەجێ بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.
ئەم دوو هاووڵاتییە، ڕۆژێک بەر لە دەسبەسەرکردنیان، لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە ئاگادار کرابوونەوە کە سەردانی ئیدارەی سەرکوتکەری “ئەماکن” بکەن و لەوێ داوایان لێ کردبوون بەڵێننامەیەکی نووسراو واژۆ بکەن کە تیایدا پابەند بن بەوەی لە مانگرتنی گشتیی داهاتوودا بەشداری نەکەن، بەڵام کاتێک ناوبراوان چوونەتە ئەوێ، هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ئەم دەسبەسەرکردنانە لە کاتێکدایە کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک، داوایان لە کاسبکاران و بازاڕیان کردووە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی خەرمانان، هاوکات لەگەڵ چوارەمین ساڵوەگەڕی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی»، دەست بە مانگرتنی گشتی بکەن.

Be the first to comment