خۆڕاگری: هەژیر یەعقووبی، هاووڵاتیی خەڵکی قوروە، بەهۆی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە، سزای یەک ساڵ بەندکردن و ٣١ لێدانی قامچی بەسەردا سەپێندرا.
ڕۆژی پێنجشەممە، ۱۲ی خەرمانانی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۳ی سێپتامبری ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: هەژیر یەعقووبی، کاسبکار و هاووڵاتیی خەڵکی شاری قوروە کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو و مانگرتنی سەرانسەریی بازاڕیانی ئەو شارەدا لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو، سزای یەک ساڵ بەندکردنی تەعزیری و ۳۱ لێدانی قامچی بەسەردا سەپێندراوە.
ناوبراو پاش تێپەڕاندنی ماوەیەک لە گرتنگەی ڕێژیم، بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتیی تا کاتی کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادگاییکردنەکەی، لە بەندیخانە ئازاد کرابوو و ئێستا ئەم سزایە لەکاتێکدا بەسەر ئەم هاووڵاتییەدا سەپێنراوە کە ناوبراو تەنها بەهۆی هەڵوێستی مەدەنی و هاودەنگی لەگەڵ خواستی جەماوەریی خەڵکی شارەکەی دەسبەسەر و دادگایی کراوە.
شایانی باسە کە لە ساڵی ڕابردووەوە، دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران زنجیرەیەک سزای قورس و نادادپەروەرانەی بەسەر ئەو هاووڵاتییانەدا سەپاندووە کە لە ناڕەزایەتییەکاندا دەنگی ناڕەزایەتییان هەڵبڕیوە.

Be the first to comment