دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی کورد بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کران

خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی بە ناوەکانی حەسەن مستەفایی، خەڵکی بانە و فەرشاد ڕەزایی، خەڵکی دیواندەرە، دوای ۱۰ڕۆژ ڕاگیران، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کراون.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ۲۳ی ڕەزبەری ۱٤۰٥ی هەتاوی “۲۲ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲٦ی زایینی” حەسەن مستەفایی، کە هاووڵاتییەکی خێرخوازی خەڵکی شاری بانەیە، دوای دە ڕۆژ دەسبەسەربوونی هەڕەمەکی و ڕاگیرانی لە شوێنێکی نادیار، بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی پێنج ملیارد تمەن و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا.
ناوبراو ڕۆژی ١٤ی ڕەزبەر لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک لە یەکێک لە شەقامەکانی بانە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرابوو و هەروەها لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.
لەلایەکی دیکەشەوە، لە شاری دیواندەرە فەرشاد ڕەزایی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “زەفەرئاوا”، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕەزبەر، پاش تێپەڕاندنی ماوەیەک لە بەندیخانە شاری سنە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کراوە و هەروەها ڕۆژی ١٤ی ڕەزبەر لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو و تا ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی لەبەردەستدا نییە و وردەکاریی دۆسیەکەی بە نادیاری ماوەتەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*