خۆڕاگری: ئەمیرحوسێن ئەفرا، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی “ئاشخانە”ـی خۆراسان لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە، سزای سزای ١٢ مانگ بەندکردن، ٧٤ لێدانی قامچی و پێبژاردنی ٦٤٥ ملیۆن تمەن پارەی بەسەردا سەپێنراوە.
ڕۆژی شەممە، ١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی “٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: دادگایەکی ڕێژیمی ئێران لە شاری “ئاشخانە”ـی سەر بە پارێزگای خۆراسانی باکوور، سزای قورسی بەسەر “ئەمیرحوسێن ئەفرا”، لاوی کورد و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٤ی هەتاویدا سەپاندوو.
ئەم لاوە کوردە کە لە شەپۆلی دەسبەسەرکردنە بەکۆمەڵەکانی دوای ناڕەزایەتییەکان گیراوە، لەلایەن لقی دادگای سزاکانی ڕێژیم شاری ئاشخانەوە بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایش و نەزمی گشتی و سەرپێچی لە فەرمانی هێزە سەرکوتکەرەکان و تێکهەڵچوون لەگەڵیان”، سزای ١٢ مانگ بەندکردن، ٧٤ لێدانی قامچی و پێبژاردنی ٦٤٥ ملیۆن تمەن پارەی بەسەردا سەپێنراوە.
ناوبراو لە مانگی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاویدا، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرابووەوە و پاش تێپەڕبوونی حەفتەیەک لە دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو و لە کۆتاییدا سزای قورسی بەسەردا سەپێنرا.

Be the first to comment