خۆڕاگری: شەش هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان بەناوەکانی ” ئاریا مەعرووفی، پشتیوان تاتار، زانیار ئەسوار، سامان خوسرەوی، هاوڕێ پەروامە و سارۆ ڕوشنی” لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی (٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٦ی زایینی)، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە پەلامارێکی بەرفراواندا بۆ سەر گوندی “نی”ـی سەر بە شاری مەریوان بەشێوەیەکی دڕەندانە، ئاریا مەعرووفی، پشتیوان تاتار، زانیار ئەسوار، سامان خوسرەوی، هاوڕێ پەروامە و سارۆ ڕوشنی، شەش هاووڵاتی و چالاکوانی ژینگەپارێزیان دەسبەسەر کردووە و ڕفاندوویانن بۆ شوێنێکی نادیار.
ژمارەیەکی زۆر لە هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم و ئیتلاعاتی سپای تێرۆیستی پاسداران، بە بەکارهێنانی دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازی، گوندەکەیان گەمارۆ دا و ئەو هێزانە بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی قەزایی یان یاساییان پێ بێت، دەستیان کردووە بە پشکنینی ماڵی هاووڵاتییان و شەش کەسیان دەسبەسەر کردووە و گواستوویاننەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.

Be the first to comment