شەمسی خوسرەوی، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز، کە لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین ڕاگیراوە، بەهۆی تۆمەتی ناڕوون و قورسەوە، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە ڕووبەڕووی مەترسیی جیددیی سزای لەسێدارەدان بووەتەوە.
ڕۆژی سێشەممە، ۱۳ی گەلاوێژی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۱٤ی ئاگۆستی ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: کۆبوونەوەی دادگاییکردنی شەمسی خوسرەوی، بەندکراوی سیاسییی خەڵکی شاری سەقز، لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە تاران بە سەرۆکایەتیی قازی ئەبولقاسم سەڵەواتی بەڕێوە چووە و لە ڕەوتی ئەم دادگاییکردنەدا، قازی بە ڕاشکاوی بە ناوبراوی ڕاگەیاندووە کە بێجگە لە سزای لەسێدارەدان، چاواڕوانی هیچ سزایەکی دیکە نەکات.
ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٤٤ ساڵانە، بە تۆمەتگەلی قورس و بێ بنەما وەک «ئێفساد فیئەلئەرز، سیخوڕی بۆ ئیسرائیل و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسیۆن، تۆمەتبار کراوە و سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم دۆسیەیە لە چوارچێوەی توندکردنەوەی کەشی ئەمنیی دەوڵەت و لە دۆخێکی گوماناویدا دروست کراوە، کە بە ئاشکرا وەک ئامرازێک بۆ هەڕەشە و سەپاندنی سزای توند بەکاردەهێنرێت.
جێی ئاماژەیە کە، شەمسی خوسرەوی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی ڕەشەمەی ئەمساڵ، (٥ی مارسی ٢٠٢٦)، لە ڕێگای کەرەج بۆ تاران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا ون لە سەرەتای دەسبەسەرکردنییەوە بۆ ماوەی دوو مانگ لە دۆخی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێدا بوو و بەبێ ئەوەی ڕێگەی پێ بدرێت پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە بکات، لەژێر گوشار و لێپرسینەوەدا بووە.

Be the first to comment