کۆچی دوایی بەندکراوێکی سیاسی و شاعیری تێکۆشەر لە شنۆ

خۆڕاگری: مامۆستا عەبدولکەریم بەلەدی ناسراو بە “ع. غەریب”، شاعیر، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەنجوومەنی ئەدەبی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی شنۆ، ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی گەلاوێژی ١٤۰٥ی هەتاوی “٥ی ئاگۆستی ۲۰۲٦ی زایینی” ناوبراو لە کۆتاییەکانی دەیەی شێستی هەتاوی، لە کاتێکدا قوتابی بوو، لەبەر هەڵوێستی سیاسی، ئازایەتی و شێعری نیشتمانپەروەری لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی نزیکەی ساڵێک لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شنۆ کەوتە بەر دڕەندانەترین ئەشکەنجە و لێدان، بەجۆرێک کە تا کۆچی دوایی کرد، جەستەی بەدەست شوێنەواری ئەو ئەشکەنجە سیاسییانەوە ئازاری هەبوو و دەیناڵاند.
تا ئێستاش گوشارەکانی ڕێژیم لەسەر بنەماڵەکەی بەردەوامە، بەڵام ئەم تێکۆشەرە لەماوەی ژیانیدا لە پرۆسەی گوشارەکانی ڕێژیمدا چۆکی دانەدا و وەک سیمبولی خۆڕاگری و ئەدەبی بەرگری لە یادەوەریی نەتەوەکەیدا مایەوە و دەمێنێتەوە.
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارە، سەرخۆشی لە بنەماڵە، کەسوکار و هەموو هۆگرانی ئەدەبی کوردستان دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمی ماڵباتەکەی دەزانێت.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*