سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر پێنج هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: لە درێژەی گوشارەکان بۆ سەر هاووڵاتییانی ناڕازی، دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە ورمێ سزای بەندکردنی بەسەر پێنج هاووڵاتیی کورددا سەپاند، کە لە خۆپێشاندانەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا دەسبەسەر کرابوون.
ڕۆژی پێنجشەممە، ۱٨ی پووشپەڕی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۹ی جولای ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شاری ورمێ بە ناوەکانی کەریم مەسعوودی، بێهزاد سەمەدزادە، فەرشاد سووری، غوڵامڕەزا عەبدوڵڵازادە و سەردار پوورمیرزایی، لەلایەن لقی سێیەم و یەکەمی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێران لە ورمێ بە تۆمەتی هەوڵدان بەدژی ئاسایشی گشتی، سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە و سزاکان بەم شێوەیەن…
کەریم مەسعوودی، بە دوو ساڵ بەندکردن سزادراوە کە ١٨ مانگی سزاکەی هەڵپەسێردراوە، سەردار پوورمیرزایی، بە دوو ساڵ بەندکردن سزادراوە کە ١٧ مانگی سزاکەی هەڵپەسێردراوە، بێهزاد سەمەدزادە، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە بە سەرۆکایەتیی قازی «دووستی»، بە دوو ساڵ بەندکردن سزادراوە و ١٨ مانگی سزاکەی هەڵپەسێردراوە، غوڵامڕەزا عەبدوڵڵازادە، بە یەک ساڵ بەندکردن سزادراوە کە دوای دانیشتن لەگەڵ بڕیاری قازی، سزاکەی بۆ ٩ مانگ کەم کراوەتە و فەرشاد سووری، بە یەک ساڵ بەندکردن سزادراوە، کە ناوبراویش دوای ڕەزامەندی لەسەر بڕیاری دادگا، سزاکەی بۆ ٩ مانگ کەم کراوەتەوە.
ئەم پێنج هاووڵاتییە کوردە لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لە ڕەوتی خۆپێشاندانە جەماوەرییەکاندا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوون و دوای کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرابوونەوە و تا ئێستاش لەو بەندیخانەیە ڕاگیراون.
شایانی باسە کە، ئەم سزایانە لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە بەرفراوانەدان کە کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان لە کوردستان گرتوویەتە بەر.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*