ناڕوونی چارەنووسی چالاکوانێکی مەدەنیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان پاش زیاتر لە ١٠ڕۆژ

خۆڕاگری: سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٠ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی مەسعوود خەلیلی، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی بۆکان، هێشتا هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، “٢٨ی ژووئەنی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند:لە ڕێکەوتی ٢٥ی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، ژمارەیەک لە هێزە چەکدارەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مەسعوود خەلیلی، چالاکوانی مەدەنی و بەندکراوسی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری بۆکان و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکە، تێکدان و وێرانکردنی کەلوپەلەکانی و دەسبەسەرداگرتنی کەلوپەلی کەسیی ئەم بنەماڵەیە کردووە و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار و چارەنووسی ناڕوونە.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەستیان بەسەر کارتی نیشتمانی، بەڵگەنامەی هاوسەرگیری، کارتە بانکییەکان و کەلوپەلە کەسییەکانی بنەماڵەی ناوبراودا گرتووە و هەروەها پاش زیانگەیاندن بە ئۆتۆمبێلەکەی کە لە حەوشەی ماڵەکەدا ڕاگیرا بوو، دەستیان بەسەردا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

شایانی باسە کە، مەسعوود خەلیلی، تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان، یەکێک لە چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگیی کوردستانە کە لە بواری چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی کوردی (بەتایبەت بۆ منداڵان)، بەڕێوەبردنی بۆنەکانی نەورۆز و چالاکییە ژینگەییەکاندا دەورێکی دیاری هەبووە و پێشینەی دەسبەسەرکردنیشی هەیە، لە ساڵی ١٤٠٤ی هەتاوی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش نزیکەی دوو مانگ ڕاگیران لە یەکێک لە گرتنگەکانی ڕێژیم، بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*