خۆڕاگری: سەرەڕای خراپیی دۆخی تەندروستی و پێویستیی بەپەلەی بە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی «دیسکی مل»، دەزگای قەزایی ڕێژیم لە سەقز ڕێگری لە ئازادیی مەرجداری «حەسەن بەهاری»، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی ئەو شارە، کرد.
ڕۆژی چوارشەممە، ۳ی پووشپەڕی ۱٤۰٥ی هەتاوی، “۲٤ی ژووئەنی ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێران لە سەقز بە فەرمی داواکاریی ئازادیی مەرجداری حەسەن بەهاریی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی ئەو شارەی ڕەت کردووەتەوە و ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی قەزایی ئاگاداری ڕاپۆرتە پزیشکییەکان و دۆخی نالەباری تەندروستیی ناوبراون.
حەسەن بەهاری پێشتر بەهۆی نەخۆشییە درێژخایەنەکانییەوە، لە بەندیخانە گوازرایەوە بۆ ماڵەوە و ئێستا بە پێبەندی ئەلیکترۆنی لەژێر چاودێریی توندی ئەمنیدایە و سەرەڕای ئەم دۆخە، ئێستا ڕووبەڕووی سنووردارکردنی زیاتر بووەتەوە و بڕیارەکەی دادگا نیگەرانیی لای بنەماڵە و کەسوکاری دروست کردووە.
سەرچاوە نزیکەکان لە دۆسیەکەی بەهاری جەخت لەوە دەکەنەوە کە سەرجەم بەڵگەنامە پزیشکییەکان لە بەردەست دەزگای قەزاییدان، بەڵام پشتگوێخستنی ئەم دۆخە لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە، وەک پێشێلکارییەکی ڕاشکاوی مافی مرۆڤ و دەستپێڕانەگەیشتن بە چارەسەری پزیشکی لە قەڵەم دەدرێت.
شایانی باسە کە، چاودێرانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن، بەردەوامبوونی ئەم بێباکییەی دەزگای قەزایی ڕێژیم بەرانبەر بە نەخۆشیی بەندکراوانی سیاسی دەبێتە هۆی تێچووی قورس بۆ تەندروستیی ناوبراو و پێچەوانەی بنەماکانی دادپەروەرییە.

Be the first to comment