هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەهاباد بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: جەلال عەلەوی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی مەهاباد پاش زیاتر لە سێ مانگ ڕاگیران، بە دانانی بارمتەی قورس و بە شێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە ٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، “٢٧ی ژووئەنی ٢٠٢٦ی زایینی” جەلال عەلەوی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی گوندی “کۆسە کەریز”ـی سەر بە شاری مەهاباد، دوای تێپەڕاندنی زیاتر لە سێ مانگ دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ١٠ ملیارد و ٥٠٠ ملیۆن تمەن و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کراوە.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو و پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠١دا، جارێکی دیکەش لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو و دوای قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە بارمتە ئازاد کرابوو و هەروەها پێڕەوکردنی ئەم شێوازە لە دەسبەسەرکردن و ڕاگرتنی درێژخایەنی تۆمەتباران لە دۆخێکی نادیاردا، هاوکات لەگەڵ سەپاندنی بارمتە قورسەکان و ڕاگرتن لە ژووری تاکەکەسیدا، پێچەوانەی ڕوون و ئاشکرای پەیماننامە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤە (بەتایبەت ماددەکانی ٩، ١٩ و ٢١ی پەیماننامەی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان) و وەک دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و پێشێلکردنی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە ئەژمار دەکرێت.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*