پەسەندکردنی سزای بەندکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی کامێران لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: لقی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیم لە تاران، سزای بەندکردنی ڕێبوار مارابی، هاووڵاتیی خەڵکی کامێرانی پەسەند کرد و بە پێی بڕیارە کۆتاییەکە، سزاکەی بۆ ٦ ساڵ بەندکردنی تەعزیری گۆڕدراوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە ٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی “٢٧ی ژووئەنی ٢٠٢٦ی زایینی” سزای ڕێبوار مارابی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “مارابی”ـی سەر بە شاری کامێران و دانیشتووی شاری تاران، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیمەوە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و پێشتر لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل” بە ١٠ ساڵ بەندکردن سزا درابوو، کە بەپێی بڕیاری نوێ، ٤ ساڵ لە سزاکەی هەڵپەسێردراوە و ٦ ساڵەکەی دیکەی وەک سزای تەعزیری جێبەجێ دەکرێت.

ناوبراو ئێوارەی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، لە تاران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و دوای ڕاگیرانی بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک لە بەندیخانە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنی ئازاد کرابوو و هەروەها لە تەواوی قۆناغەکانی دەسبەسەری و دادگاییکردنیدا، لە مافە سەرەتاییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە و دەرفەتی پێویست بۆ بەرگریکردن لە خۆی بێبەش کراوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*