خۆڕاگری: کژاڵ ڕەحمانی، عیسا فەیزی و دانیال ڕەحمانی، ئەندامی یە بنەماڵەی دەسبەسەرکراوی خەڵكی کامێران، دوای ٤٣ ڕۆژ ڕاگیران، بەشێوەی کاتیی و بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆراگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی “١٩ی جولای ٢٠٢٦ی زایینی” کژاڵ ڕەحمانی، عیسا فەیزی و دانیال ڕەحمانی، سێ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی کامێران، پاش ٤٣ڕۆژ دەسبەسەربوون هەرکامیان بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٢ ملیار تمەن و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانەی کامێران و بەندی ژنانی بەندیخانەی سنە ئازاد کراون.
ئەم هاووڵاتییانە لە کاتی دەسبەسەرکرانیاندا تۆمەتی ئەندامبوون لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمیان خراوەتە پاڵ و لەو ماوەیەدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراون و ئازادکردنیان لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی قەزایی ڕێژیم لەو شارە تا ئێستا ئامادە نەبوون بەدەنگ سکاڵای ئەشکنجهدانی عیسا فەیزی و دانیاڵ ڕەحمانییەوە بچن کە لەلایەن لیکۆڵەرەکانی ئیتلاعاتەوە لێیان دراوە.
کژاڵ ڕەحمانی و دانیال ڕەحمانی لە ١٦ی جۆزەردانی ئەمساڵ لە ئاکامی هەڵکوتانە سەر ماڵەکەیان دەسبەسەر کران و هاوسەری کژاڵ (عیسا فەیزی)ش دوای سەردانیکردنی ئیتلاعات بۆ بەدواداچوونی دۆخی هاوسەرەکەی، دەسبەسەر کرا و ئەم بنەماڵەیە لە بنەماڵە دادخوازەکانی کوردستانن، جەمال ڕەحمانی، برای ئەم بنەماڵەیە لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاویدا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆ گیانی لەدەستدا و تا ئێستا تەرمەکەی ڕادەست نەکراوەتەوە و هەروەها ڕێبین ڕەحمانی، برایەکی دیکەیان و بەندکراوی سیاسیی پێشوو و لە بەڕێوەبەرانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانە.

Be the first to comment