خۆڕاگری: سێ چالاکوانی مەدەنیی خەڵکی ڕوانسەر بە ناوەکانی “خەلیل پەڕەندەک، شەهاب سولەیمانی و ئیدریس گوڵمحەممەدی” لەلایەن چرکدارانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕێ ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی “١٧ی جولای ٢٠٢٦ی زایینی” هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بەشێوەیەکی دڕەندانە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی خەلیل پەڕەندەک، شەهاب سولەیمانی و ئیدریس گوڵمحەممەدی، سێ چالاکوانی خەڵكی شاری ڕوانسەری سەربە پارێزگای کرماشان و دەسبەسەریان کردوون و ڕفاندوویانن بۆ شوێنێکی نادیار.
خەلیل پەڕەندەک چالاکی مەدەنی، ژینگەپارێز و لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکانی کوردستانە کە پێشتریش لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و شەهاب سولەیمانی لە پارێزەرانی دادگوستەری و چالاکی مەدەنییە و ئیدریس گوڵمحەممەدییش لە چالاکوانانی دیاری ژینگەپارێزی و مەدەنیی ئە شارەیە و هەروەها دوای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی ئەم سێ هاووڵاتییەدا، بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان لە ناوەندە سەرکوتکەر و قەزاییەکانی ڕێژیم ڕوانسەر بێئاکام ماوەتەوە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.

Be the first to comment