بەزاندنی دێوزمە(دیرۆکی خۆڕاگری محەمەد شاروێرانی)

بەزاندنی دێوزمە(دیرۆکی خۆڕاگری محەمەد شاروێرانی)من محەمەد ئیسماعیل‌زادە ناسراو بە محەمەد شاروێرانی کوڕی مەولود، ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی لە ئاوایی خورخوڕە لە ناوچەی شاروێرانی سەر بە شاری مهاباد لە دایک بووم.لە ساڵی ١٣٦٢وە بە رەسمی بوومە ئەندامی حیزب و هاوکاری نەهێنی کۆمیتە ناوچەی شاروێران،یەکەم چالاکی حیزبی من درووستکردنی هێڵی پەیوەندی بوو لە نێوان کۆمیتە ناوچەی شاروێران و پایەگایەکی رژیم لە ئاوایی خوڕخوڕە بە مەبەستی دەست بەسەر داگرتنی لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە، بە خۆشێوە من توانیم بە رووسوری لە یەکەم چالاکی خۆم بێمە دەر و سەربازێکم بە ناوی نورەدین رەزایی ئامادە کرد تا چاوی بە کادرەکانی حیزب کاک حەسەن کاکیلی و سەید برایم کەریمی، شەهیدان یوسف شەریفی، حەسەن مەحمودی و یوسف پیرزاد بکەوێ، دوای چەند جار چاوپێکەوتنی من و نورەدین دەگەڵ کادرەکان، ئاخر جار توانیمان لە شوێنک بە ناوی گەڕووس لە نزیک ئاوایی خوڕخوڕە ملاقاتێک ساز بکەین و قسەیان دەگەڵ ببڕینەوە و هەموو ئامادەکارێکانمان تەواو بکەین، بەڵام بەداخەوە کەمتەرخەمی هەندێک لە کادرەکانی ئەوکاتی کۆمیتە ناوچە لە دوای هێرشی ڕژیم بۆ شوێنی مانەوەیان لە “شامی داشخانە” لە رێکەوتی ٢ی رێبەندانی ١٣٦٢دا بوو بە هۆی ئاشکرا بوونمان و هەموو ریسەکەمان لێ بوویەوە بە خوری، پاش ئەوەی کادرەکان توانیبوویان لە پەلامارەکەی رژیم خۆیان دەرباز بکەن، بەداخەوە هەموو نامەکانی نێوان من و نورەدین کەوتبوویە بەر دەستی رژیم و ئێوارەی هەمان رۆژ من و نورەدین هاوڕێ دەگەڵ چەند سەربازی دیکە و دوو کەسی مەدەنی دیکە دەست بەسەر کراین و بۆ یەکەم جار کەوتمە بەندیخانە.لە ماوەی تەمەنم‌دا چەند جاڕێک دەست بەسەر کراوم، یەکەم دەستبەسەر کردنم چەند مانگێکی خایاند و دوای ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر من و دوو کەسەکەی دیکە بە زەمانەت ئازاد بووین، بەڵام نورەدین گواسترایەوە بۆ بەندیخانەی شیراز و هەتا ئێستاش نەمانزانی چارەنووسی چی لێهات.دوای ئەم دەست بەسەر کرانەم، بێنەوبەردەی ئیتلاعاتی رژیم کۆتایی نەدەهات و هەرجار بە بەهانەیەک و بۆ چەند رۆژێک دەگیرام و لێکۆڵینەوەیان لێ دەکردم، ئازار و ئەشکەنجەیان دەدام، ئاخرجاری دەسبەسەرکردنم پێش هاتنم بۆ پێشمەرگایەتی، لە ساڵی ١٣٦٧دا بوو کە بۆ ماوەی دوو حەوتوو لە شوێنێک کە دادگای ئینقلابی ئەوکاتی مهاباد بوو دەست بەسەر کرام و پاشان بە هاوکاری سەربازێک توانیم خۆ دەرباز بکەم و دوای دە رۆژ مانەوە لە مەنتەقەی پیرانشار هەر لە بەهاری ١٣٦٧دا خۆم گەیاندە ریزی پێشمەرگەکانی حیزب لە بناری قەندیل لە شوێنێک بە ناوی “گۆڕتیسوێ” و بە رەسمی و لەژێر فەرماندەیی کاک عومەر باڵەکی کە فەرماندەی ئەوکاتی هێزی پێشەوا بوو بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیم پۆشی، دوای چەند رۆژێک شەهید عەبدوڵڵا شەریفی وەک ئەندامی کۆمیتە ناوەندی لە بنکەی دەفتەری سیاسییەوە گەڕایەوە، هاوکات بۆ بە خێرهێنان و ئاگادار بوون لە رەوشی ناوچەکە هاتە لام کە بۆ من جێگای فەخر و شانازی بوو، بەڵام بە داخەوە پێش هاتنی من بۆ ریزەکانی حیزب جیابوونەوەیەک رووی دابوو و زۆربەی ئەو کادرانەی من کارم دەگەڵ کردبوون بە لای هاوڕێیانی حدکا_رێبەڕایەتی شۆڕشگێڕدا کەوتبوون و من هیچ پێشینەیەکی حیزبیم بۆ لە تەشکیلاتی ئەوکات‌دا تۆمار نەکرابوو کە زۆر دڵگرانی کردم.ژیانی پێشمەرگایەتی پڕە لە بەسەرهاتی خۆش و ناخۆش، تاڵترین بیرەوەرێکانی من شەهید بوونی رێبەرانی بزوتنەوەکەمان و هاوڕێیان و هاوسەنگەرانمە، دیارە بە ژان بوونی شەهید کرانی رێبەرانی شەهید د.قاسملوو و د.شەرفکەندی بۆ هەر هەموومان بە ژانترین بیرەوەری هاوبەشە، بەڵام ئەوەی وەکوو بیروەری تاڵ و راستەخۆ لە جەریانی‌دا بووبم، بۆ من رووداوی شەهید بوونی کۆمەڵە هاوڕێیەکی گیانیگیانی پێشمەرگایەتیم بوو لە مەعمووریەتێکی ناوچە‌دا.شەڕی خڕێی خەڕگەداشان لە نیزیک “سێ چۆمانی” پیرانشار لە ٢٧ی جۆزەردانی ١٣٧٣دا رووی دا، ئێمە تیمی کۆمیتەی شارستانی مهاباد کە پێکهاتبوو لە شەش کادری ناوچەکە لەگەڵ دوو تیمی کۆمیتەی پیرانشار کە سەرجەم ١٨کەس بووین بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ قووڵایی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبوو سنووری باشووری کوردستان لە رێگای ناوچەکانی پیرانشارەوە ببڕین، ئەمر کرا کە بە هیچ شێوازێک لە هیچ جێگایەک لانەدەین هەر ئێوارەی رۆژی ٢٦ی جۆزەردان بپەڕێینەوە بەری رۆژهەڵات، بەڵام بە داخەوە تیمی دووییەم لە شوێنێک بە ناوی بازاڕ لایان‌ دابوو و ئەم شەوە سەرەڕای ئەوەی ئێمە تیمی یەکەم لە هیچ جێگایەک لامان نەدا، بەڵام نەدەکرا ئەوان بە جێ بێڵین و دەبوو چاوەڕێیان بین، پاش یەکگرتنەوەمان، کاتژمێر ٨ی بەیانی ٢٧ی جۆزەردان سنووری دەستکردمان بڕی و پەڕینەوە بەری رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەوەی لە یەکەم دیداری دووبارەی خاکی رۆژهەڵاتی کوردستان‌دا، هەموو یەک لە یەک خۆشحاڵتر بووین گومانی تێدا نییە، بەڵام شەهید مەحمود ئیسماعیلی لە کاتی ئاودیووبوونمان لە میلە مەرزێکانی سنووردا باوەشی بە خاکی پیرۆزی رۆژهەڵات‌دا کرد و تێر خاک و خۆڵەکەی ماچ کرد، ئەم چەند چرکە شاکارە دیمەنێک بوو لە خۆشەویستی نیشتمان کە قەت لە بیرم ناچێ.ئەو شوێنەی ئێمە سنوورمان لێ بڕی ئەوکات ناوچەیەکی ئارام بوو کە هیچ پایەگای لێ نەبوو، بۆیە زۆر بە ئاسایی دوودوو و سێ‌سێ بەسەر رێگایەکی درووستکراوی سەردەمی شەڕی ئێران و ئێراق‌دا بێ ترس دەڕۆیشتین، شەهید حوسێن فەتحولاهی کە زۆر لێم نزیک بوو و چەند ساڵێکیش بوو بۆ هەموو ئەرک و راسپاردەیەک بە یەکەوە بووین، لێم هاتە پێشێ و بە دەم پێکەنینەوە وێنەی کیژێکی رووسووری لە باغەڵی هێنایە دەر و وتی کاک محەمەد ماوەیەکی زۆرە دڵم چۆتە سەر ئەو کچە و دەمهەوێ ژیانی هاوبەشی دەگەڵ پێک بێنم، منیش کە بە بیستنی خۆشحاڵ بووم بەڵێنم پێ‌دا کە لە پاش گەڕانەوەمان بە زووترین کات خۆمان لە ساز و پێک دەدەین بۆ خواستن و گواستنەوە بووکە خان قۆڵ هەڵدەماڵین، بە دەم ئەو قسانەوە من بە دووربینی دەمڕوانی کە لە نەکاو سەرنجم کەوتە سەر جووڵەی کەسێک لە بەرزایی شاخێکی بەرامبەرمان، زۆر بە بێقەراری شوێن گۆڕکەی دەکرد و دەهات و دەچوو، بۆیە هەر زوو هاواری هاوڕێیانم کرد و وتم با بوەستین ئەمە ئاسایی نییە، بەڵام هەموویان بەرپرچیان دامەوە و وتیان ئێمە ئاگادارین کە ئەوە سێ پێشمەرگەی هێزی کێلەشینن کە لەم چیایە جێگیر کراون و پێشتر بە ئێمەیان راگەیاندووە.کە بینینم وڵامم نادەنەوە دیسان خۆم دایە پەنا تەپکە گڵێک بەرامبەر شوێنی جووڵەکە، بۆ ئەوەی دڵنیا بم، دیسان بە وردی رووانیم، ئەمجارە لە باتی یەک کەس، چەند کەسم بینی بە سەروچاوی بەستراوەوە، بە دەنگی بەرز هاواری پێشمەرگەکانم کرد کە کاکە ئەوە سەروچاویان بەستووە، بیکەیسی و چەکی دیکەیان پێیە،بەڵام دەگەڵ کۆتایی هاواری من، ئێمە کە ڕێک کەوتبووینە بەرامبەریان، ئەوان لە شاخ و ئێمەش لە داوێنی شاخەکە لە سەر جادە، کەوتینە ناو ئگربارانێک کە وەسف کردنی ئەستەمە، ئەوان کە لە بەرزایی ئێمە بوون و چەکی قورسیان پێ بوو بە دڵی خۆیان داگژانە سەرمان و ئێمەش کە کەوتبووینە بەر چەکیان روحمیان پێ نەکردین.بە داخەوە ئەوەی زووتر گەویشتبوویە راست وان وەبەر هاتبوو، هەموو شەڕەکە نیزیک ٢٠ خولەکی خایاند، ئێمە کە بواری دەستکردنەوەیەکی وامان نەبوو، هەموو داوەڵ داوەڵمان تێ کەوتبوو و یەکی بە لایەک‌دا خۆمان دابوویە پەنا و پەسیوان، هاوکات جگە لە شەهیدەکان چەند کەسێکمان بریندار ببوون، دوای کاتژمێرێک هەموو کەوتینەوە سەر یەک، بریندارەکانمان رەوانەی دیوی باشوور کردەوە، هاوکات داوای هێزی پشتیوانیمان کرد، پێشمەرگەکانی هێزی کێلەشین و قەندیل کە هەر لە نزیک ئەم ناوچانە جێگیر بوون بە هانامانەوە هاتن، ئەوەی لە بیرم بێ کاک عومەر شاداب یەک لە پێشمەرگەکان بوو و هاوکات شایانی باسە کە چەند کەس لە خەڵکی باشووری کوردستانیش بۆ هاوکاریمان هاتن و زۆریش کاریگەر بوون، خۆمان سازمان دایەوە و بە زووترین کات هێرشی پێچەوانەمان کردەوە سەر بەکرێگیراوەکان، کە بە فەرماندەیی حاسڵە شێت و حوسێن باپیر ئەم جینایەتەیان خوڵقاندبوو، لە دوای هێرشکەی ئێمە خۆیان رانەگرت و شوێنەکەیان بە جێ هێشت و رایانکرد.کاتژمێر ٣ی دانیوەڕۆ توانیمان هەموو ناوچەکە کۆنتڕۆڵ بکەین و بچینەوە شوێنی رووداوەکە، بەداخەوە لەم شەڕەدا شەش کادری بەوەجی حیزب شەهید بوون، شەهید قادری حاجی‌حەوڵا فەرماندە لک لە هێزی قەندیل و دووهەمین شەهیدی بنەماڵەکەیان، شەهید حوسێن فەتحولاهی کادری حیزب کوڕی تاقانەی بنەماڵەکەیان، شەهید مراد دریازی کادری حیزب، شەهید سیامەند نیزامی کادری حیزب، شەهید ئەحمەد بابەکە کادری حیزب، شەهید مەحمود ئیسماعیلی کادری حیزب، رژیم توانیبووی تەرمی هاوڕێیانمان ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ مەتەر بگوازێتەوە، بەڵام بە خۆشێوە توانیمان تەرمەکانیان رزگار بکەین و هەر نەبێ نەهێلین گۆڕغەریب بکرێن، چوومە سەر تەرمی شەهید قادری حاجی‌حەوڵا دیار بوو دوای بریندار بوونی لاقی بە پشتێندەکەی بەستووە و تا ئاخر گوللەی شەڕی کردبوو، تەنیا تەرمێک کە نەیانگواستبوویەوە تەرمی شەهید حوسێن بوو، ناوبراو هەندێک بەڵگەی حیزبی پێ بوون، کاتێک چوومە سەر تەرمەکەی، هەموو بەڵگەکان لە دەوربەری خۆی بە وردکراوی بڵاو ببوویە و دیار بوو توانیبووی بەر لە شەهید بوونی لە ناویان بەرێ، هاوکات روون بوو کە هاتوونە سەری و فیشەکی کۆتاییان پێوە ناوە، ئەو دیمەنەی ئێستاش و دوای ئەم هەموو ساڵە لەبەر چاوم ون نابێ، دیمەنی شەهید حوسێنە بە وێنەی کچێکی رووسوورە کە لە بن سەری داندراوە، سەرەڕای بێ وێژدانی و خۆفرۆشی خۆیان، جاشەکان وێنەی ئەو کچەی کە قەرار بوو لە گەڕانەوەمان‌دا بچینە خوازبێنی و ژیانی هاوبەشی دەگەڵ پێک بێنێ، لە بن سەریان دانابوو و نەیانبردبوو، کێ دەزانێ رەنگە ویژدانی نووستوویان بۆ چەند ساتێکش بێ، راپەڕیبێ.ئەو رۆژە یەکێک لە تاڵترین رۆژەکانی ژیانم بوو کە چەند کەس لە ئازیزترین کەسەکانم کە وەک برا بوون بۆم، لەبەر چاوم خەڵتانی خوێن کران و بە بێ مرادی سەریان نایەوە و دیمەنی ناخهەژێنی تەرمەکانیان ئیستاش لەبەر چاو و لە خەیاڵمدا دێن و دەچن و ئەوەی ئەم برینە بە سۆتر دەکا کەمتەرخەمی و بێ مشووری خۆمان لە هۆکاری روودانی ئەم کارەساتەیە کە من نچوومە نێو وردەکارێکانی‌یەوە.سەرئەنجام پاش ماوەی نزیک حەوت ساڵ پێشمەرگایەتی لە بارودۆخ و بەرپرسیارەتی جیا جیادا،لە جەریانی بەڕێوەبردنی ئەرکی پێ‌ئەسپێردراوی حیزبی لە گوندی قەرەخانی ناوچەی شاروێران لە رێکەوتی ١٥ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٥ لە پاش تێکهەڵچوونێکی کورت‌دا کاتژمێر ١١ونیوی بەیانی بە برینداری لە لایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی مهاباد دەست بەسەر کرام.لە چۆنیەتی دەسبەسەر کرانم‌دا پێم باشە ئاماژە بە هەندێک بەش لە چەندوچۆنی رووداوەکە بکەم، رۆژێک بەر لە رووداوکە ئێمە وەکوو تیمی کۆمیتەی ناوچەی شامات و شاروێران کە بریتی بووین لە هاوڕێیان سۆفی پێغەمبەرنژاد، ئەسعەد شاماتی و هیلال محەمەدی لە نیزیک ئاوایی قەرەداغ خۆمان حەشار دابوو، لە لایەن بەرپرسی کۆمیتە شارستانی مهابادەوە کە ئەوکاتە کاک عومەر باڵەکی وەکوو ئەندامی کۆمیتەی مەرکەزی بەرپرسیارەتی بەڕیوەبردنی ئەم ئەرکەشی لە سەر شان بوو پەیوەندییمان پێوە گیراو بۆ ئەرکی دیاری کراو راسپێردراین، کە بریتی بوو لە ئامادەکاری بۆ سەردانی کاک عومەر باڵەکی و بە سەر کردنەوەی شانە و هەستە حیزبییەکان لە ناوچەکانی شامات و شاروێران.دوای وەرگرتنی سەرنجی هاوڕێیان لە مەڕ هاتن و سەردانی کاک عەمەر بۆ ناوچەکە،پاش ئەوەی بۆم روون بوویەوە کە کاک عومەر لە هێز دابڕاوە و داگەڕاوەتە قووڵایی ناوچە، من وەکوو کەسێک کە باشترین ناسیاویم لە ناوچەکە و خەڵکی دەوەرەکە هەبوو بە دڵخواز ئەرکی بە دواداچوونی ناوبراوم وەخۆ گرت و سەرەڕای پڕمەترسی بوونی مەعموورییەتەکە بە باشم زانی هاوڕێیانی دیکە هەر لە شوێنی خۆیان بمێننەوە و من بە تەنیا بە رۆژی رووناک مەودای نێوان گوندەکانی قەرەخان هەتا بایەندەرێ بە پێیان و بە ماشێن ببڕم، زۆرجاران ئەم تاکتیکەم بە سەرکەوتوویی تاقی کردبووییەوە.سەر لە بەیانی رۆژی ١٥ی پووشپەڕ کاتژمێر ١١و نیو بەیانی رەخت و تفەنگەکەی خۆم لێ کردەوە و لە باتی ئەو دەمانچەیەک و بێ‌سیمێکم دەگەڵ خۆم هێنا، دەبوو بەر لە هەموو شتێک چۆمێک کە پاشماوەی ئاوی سەدی وسووکەندی پێدا دێ و ناوچەی شاروێران دەکا بە دوو بەش و ئاوەکەی دەڕژێتە شامی شاروێران، ببڕم و لە بەری گوێکتەپەوە بچمە بەری قەرەخان و لەوێوەش بچمە ناو گوندی قەرەخان، پاش پەڕینەوەم و هاتنە رووخی دێی قەرەخان بە درێژایی چۆمەکەدا بەرەو گوند بوومەوە، هاوکات کەسێک بە مەودایەکی سەد مەتری کە لە بەرامبەر شوێنی پەڕینەوەکەی من سەبزیخانەیان هەبوو لەسەر جادەی ئەسلی گوندەوە شەنە لە سەر شان بە پاراستنی ئەم مەودا سەد مەترێوە هاتەوە ناو گوند و تەقریبەن بە یەکەوە چووینە ناو ئاوایی، لە ماوەیەکی کورتی چەند خولەکی‌دا ناوبراو پێ و شوێنی من دەدا بە هێزێکی گەڕۆکی رژیم کە شیمانەی بوونی پێشمەرگەیان لەم دەوەرە کردبوو. هەر لە حەوشەی ئەم ماڵە دوای چەند دەقەیەک ئەم تیمە گەڕۆکەی رژیم کووتایە سەرم و بە هۆی گیرکردنی دەمانچەکەم و دەرنەکردنی گوللە لە دوای دووجار غافلگیر کردنیان بە برینداری کەوتمە دەستیان،پاش ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر بۆ ئەوەی شوێنی هاوڕێیانم و کاک عومەر ئاشکرا بکەم، نەک هەر بە ئاکام نەگەویشتن بگرە سەریشم لێ شێواندن و بە سەربەرزی لەم ئەزموونەش هاتمە دەر و سەرەڕای قوورسی برینەکەم و نەبوونی ئاسۆیەکی رووناک بۆ ژیانم خۆم بە بەختەوەر دەزانی کە نەبوومە هۆی خەساری خەڵک و خاکەکەم، چیرۆک و وردەکاری هەموو ئەم بەسەرهاتە لەم کورتە نووسینەدا ناگوونجێ و هیودارم لە داهاتوودا بوار هەبێ هەمووی ئەم بەسەرهاتە بە وردی بگێڕمەوە.دوای دەستبەسەر کرانم گواسترامەوە بۆ پادگانی ئەلمێهدی لە نزیک دەریای ورمێ و بۆ ماوەی ٤٠ رۆژان لەوێ راگیرام، لەم ماوەیەدا نەک هەر تەداوی نەکرام بگرە لە شوێنێکی زۆر ناتەندرووست و پیس وپۆخڵ بە نەشیاوترین شێوە راگیرام و تەنیا خوێنی دەڵەمەبووی ناو لاقم ببوویە هۆکارێک بۆ راوەستانی خوێن رێژی لەشم و بەرگری دەکرد لە مەرگم.پاش ئەم ماوەیە هێنایانمەوە بۆ ئیتلاعاتی مهاباد، رژیم لە دوای دەستبەسەر کردنی من خەڵکێکی زۆری دەستبەسەر کردبوو تا بتوانێ زانیاری زۆرتر وەدەست بێنێ و فەزایەکی ئەمنی پڕ لە خەوف درووست بکا، بەڵام دوای هێنانەوەی من بۆ مهاباد و دەست پێ کردنەوەی بازجووییەکانیان، هیچیان دەست نەکەوت، بە ناچار یەک یەک و دوودوو هەموو ئەو کەسانەیان ئازاد کرد کە بە منەوە داویان بۆ دانابوونەوە، ئەوەش بابەتێکی دیکەی ژیانی پێشمەرگایەتی منە کە هەمیشە بۆم جێگای فەخر و شانازییە کە کەس بە هۆی منەوە لە تەشکیلاتی حیزبیش دەستبەسەر نەکراوە.ماوەی مانگێک لە هێنانەوەم بۆ مهاباد تێپەڕی بوو کە بریدانم بۆ نەخۆشخانە تا برینەکەم دەرمان بکەن، سەرجەم ماوەی دوومانگ و نیو لەم بارودۆخەدا هێشتیانمەوە، پاش ئەم ماوەیەش دەرمان کردن بوو بە پلاتین وە گێچ تێ گرتنی لاقم، ماوەی سێ مانگ بەم شێوەیەش مایەوە و پاشان لاقم رەش بوو و بە ناچار لە ماوەی حەوتوویەک‌دا دوو جار بڕدرایەوە، هەر لەم ماوەیەدا کە گێچیان بۆ دە لاق گرتبووم، بردیانم بۆ دادگا و لە ماوەی ١٠ خولەکدا حوکمی ئیعدامیان بەسەردا سەپاندم.ئەوەی زۆر بە ژان و ناخۆش بوو، هاتنی چەند بنەماڵەی خەڵکی شاروێران بوو کە کوڕەکانیان بە هۆکاری جیا جیا لە دەست دابوو و حیزبیان بە خەتابار دەزانی، لە دوای گیرانی من ئەمەیان بە دەرفەت زانی و سکاڵاکانیان روو بە من راست کردەوە، ئەوە لە کاتێک‌دا بوو کە زۆربەیان بەر لە هاتنی من بۆ پێشمەرگایەتی کووژرابوون، لەوێ بێ حورمەتی زۆریان بە خۆم و بە رێبەرانی حیزب کرد و بە داخەوە من کە لەسەر برانکارد بووم و بێ دەسەڵات، زۆرم پێ ناخۆش بوو و ئەم رۆژەش بوو بە بیرەوەرێکی تاڵی دیکەی ژیانم کە هەر بەشێک لەم خەڵکەی لە پێناوی‌دا قوربانی دەدەی و خۆت بۆ بەختەوەری ئەو بە کووشت دەدەی، لێت دەبێ بە دووژمن و لە دووژمن خەراپتر مامەڵەت دەگەڵ دەکا. دوای ماوەیەکی کورت لە لایەن دادگای ئینقلابی مهابادەوە حوکمی لە سێدارەدانم بەسەردا سەپا و بۆ ماوەی ٩ساڵ لە زیندانەکانی مهاباد و ورمێ و تاران مامەوە، بەڵام زیاتر لە هەمووان ماوەیەکی زۆر لە مهاباد راگیرام، لەم ماوەیەدا شاهیدی زۆر رووداوی خۆش و ناخۆش بووم، بۆ وێنە چەندین جار تا لێواری لە سێدارەدانیان بردووم و پێیان راگەیاندووم کە بەیانی حوکمەکەت جێبەجێ دەکرێ و هەرجار بە هۆکارێک بەڕێوە نەچووە، لەوە ناخۆشتر شاهید بوونم لە لە سێدارەدانی ١١کەس لە ناسیاران و هاوڕێیانی خۆم بووە کە لە نیزیکەوە لە زیندانیش و لە دەورانی پێشمەرگایەتیشدا بە یەکەوە بووین، لەوانە ناخۆشترینیان رووداوی لە سێدارەدانی کادری بەوەجی حیزبەکەمان شەهید کاک کەریم تووژەڵییە کە بە وردی لە ژمارەیەکی رۆژنامەی کوردستان و چەند جاریش لە رادیۆ و کوردکانال باسم لەم تراژیدیایە کردووە زۆریش لەسەرم شوێندانەر بووە.زیندان بە هەموو ناخۆشی و چەرمەسەری و نارەحەتێکانی، شتی باش و ناوازەشی تێدایە، لەوانە ناسین و بوون دەگەڵ کەسانی بژاردە و ئاست بەرزی کۆمەڵایەتی و نیشتمانپەروەری، کەسانی لە خۆ بردوو و ئازادیخواز و بە ورە، کە بوونم لە ناویان‌دا بۆ من هەم پڕ بیرەوەری هەم مایەی شانازی‌یە، دیارە ناوهێنان بە هۆی بوونیان لە ناوخۆی رۆژهەڵات بە پێویست نازانم، بەڵام ئەوەی گرینگە لە یاد و بیرەوەرێکانم‌دا زێندوون و قەت لە بیرم ناچن.بێ گومان کۆماری ئیسلامی ئێران لە هیچ کردەوەیەکی دزێو بەرامبەر دوژمنانی خۆی و ئازادیخوازان سڵ ناکاتەوە و لە ماوەی زیندانی بوونی منیش‌دا هەرچەند بە هۆی کەمئەندامی و ناجێگیربوونی بواری تەندرووستیم، زۆر بە شێوازی فیزیکی نەخراومەتە ژێر گوشار و لێکۆلینەوە بەڵام رەنگە زۆر جار ئاواتی ئەم شێوە ئەشکەنجەم خواستبێ، چوون بەراستی کۆماری ئیسلامی لە بواری شکەنجە و زەختی دەروونیش چ کەم و کۆڕی نەک نییە بگرە زۆر باڵا دەست و لێ بڕاوە، وەکوو نموونە دەکرێ ئاماژە بە فشارە یەک لە دووی یەکەکانیان بکەم بۆ راکێشانی بنەماڵەکەم بۆ کار و باری دزێوی سیخۆڕی و خیانەت، بە دەیان جار ویستوویانە کە من یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەم وەکوو سیخۆڕ بنێرمە ناو ریزەکانی حیزب و لە هیچ هەڕەشە و گوڕەشەیەکیش نەپرینگاونەوە، بەڵام بە خۆشێوە لەمەشیاندا هەر ناکام و ناسەرکەوتوو بوون.وەک وتم ژیانی زیندان تەژی شتی ناوازەیە، یەکێک لەو نموونانە کە پێم خۆشە ئاماژەی پێ بکەم بوونی کەسانی بە ورە و خاوەن هێزو پتانسیەلی شۆخی و جەفەنگە، رەنگە زۆر جار بە هۆی سیاسی‌شەوە نەگیرابن، بەڵام بوونیان لە زیندان بەڕاستی هۆیەکە بۆ ئاسانتر تێپەڕاندنی ماوەی زیندانەکەت، کاک “جەعفەر خانە” یەکێک لەم نمونانە بوو کە بێ زیاد و کەم، ئاوەدانی بەشێکی زۆر، لە زیندانی، لەسەر خۆی کردبوو بە ماڵ، هەموومان چاومان لە ئاکار و کردەوەی ئەو بوو، بۆ ئەوەی قاقا و بزە لە ناو زیندان‌دا داچێنێ. رۆژێکی کابرایەکی خەڵکی مهابادیان هێنایە زیندان، کابرا قاچاغچی بوو و دیاربوو هەر لەسەر قاچاغ گیراوە، وەک دەیانکوت، هاوکات کە خۆی قاچاغچێتی کردووە، خەڵکیشی بە گرت داوە و دەمی لە ئاخوڕی رژیمیشدا بووە. کاک جەعفەر بۆ کاری ناچاری بردرابوویە بەشێکی دیکەی زیندان و لەوێ نەبوو، هەندێک لە قاچاغچێکانی ناوچەی سەردەشت کە لە کابرای گیراو بە رقدا چووبوون و بە بەکرێ گیراویان دەزانی، پێیان وابوو سیخۆڕی لەسەر کردوون، هەر بۆیە لە حەوشەی زیندان بە هەمووان داگژابوونە گیانی و بە دڵی خۆیان کابرایان خوری شۆر کردبوو. کابرا هاتەوە قاوش و کاک جەعفەریش دوای ماوەیەک هاتەوە، دانیشتبووین کابرا نەقلی دەکرد کە چۆن بێ‌کەس کوژیان کردووە و چ لیدانێکیان لێداوە، جا ئەوە کاک جەعفەریش گوێی بۆ بەرداوەتەوە و جار جار روو لە کابرا و جار جار روو لە من دەڵا: چاو لەو سەگبابانە کە، بۆخۆیان لە ناوچەی خۆیان سەد جاشیان هەیە، ئێمە تەنیا ئەو جاشەمان هەیە، پێمان ڕەوا نابینن، تێر تێریان لێ داوە، منیش دە باڵە خۆم‌دا دەکولیم و بزەم دەهاتێ و کابراش کە تێگەویشت کوتی تەماشا کەن من هاتووم لە کن کێ دەردە دڵ دەکەم.چەند ساڵێک پاش گیرانم، بە هەوڵ و ماندووبوونی کۆمەڵێک کەس، لەوانە هاوسەری ئەمەگناسم مریەم پاراسا، کۆمەڵیک لە ئەندامانی فراکسیۆنی کوردی مەجلکیسی شۆڕای ئیسلامی ئەو کات، بە تایبەت بەڕێز موهەندیس ئەدەب، کاک رەحمانی بیهمەنیش و کاک حاسڵ داسە(نوێنەری ئەوکاتی پیرانشار)، بە هاوکاری و پشتیوانی کۆمەڵیک لە دۆستان و دڵسۆزانی دیکە کە رەنگە وتنی ناویان ئێستا گونجاو نەبێ، پرۆسەیەکی دوور و درێژی چەند ساڵە خرایە گەڕ بۆ ئەوەی هەر نەبێ حوکمی لە سێدارە دانم بشکێنن و ببێ بە زیندایی هەتاهەتایی، بە خۆشیوە، هەرچەند زۆر درەنگ و دوای چەند ساڵ، بەڵام بە هەوڵ و ماندووبوونی بێ وچانی ئەم بەڕێزانە بە تایبەتی هەڵات هەڵات و کۆڵ نەدانی مریەم کە بەراستی بە کارەکەوە هیلاک بوو، تواندرا حوکمەکە بکەن بە زیندانی هەتاهەتایی، هەر ئەوە بواری بۆ رەخساندم تا بتوانم بیر لە لایەنی دیکە جگە لە شکانی حوکمەکەشم بکەمەوە، بۆیە هەر زوو دوای شکانی حوکمەکە داوای وەرگرتنی مرەخەسی و هاتنە دەروەی کاتیم کرد، بۆ وێنە لە ماوەیەکی زەمەنی چەند مانگەدا،مافم ببێ بۆ چەند رۆژێک بێمە دەروەی زیندان،بەڵام ئەوەی بەربەستی دێنایە پێش دانانی بارمتەیەکی ماڵی زۆر بوو کە لە توانا و بڕستی تاکەکەسی مندا نەک نەبوو بەڵکوو ژیانی سەربەرزانەی پێشمەرگایەتی، بواری کۆکردنەوەی هیچ سامانێکی بۆ من نەڕەخساندبوو تا بتوانم بارمتەکە جێبەجێ بکەم، هەر ئەوەش وایکرد روو لە هەندێک لە هاوڕێیان و دڵسۆزانی خۆم و حیزب بکەم و لە رێگای ئەوانەوە بتوانین ئەو رێژە بارمتەیە جێ‌بەجێ بکەین.بە خۆشێوە توانیمان بارمتەی دیاریکراو جێبەجێ بکەین و من بۆ ماوەی کاتی لە زیندان بێمە دەرەوە، لەوەشدا ناکرێ ئاماژە بە رۆڵی دەستپێشخەرانەی کاک “حەسەن مەللاک” نەکەم کە زۆر لە خۆ بردوویانە بەشی زۆری بارمتەکەی وە ئەوستۆ گرت، جاری یەکەم بۆ ماوەی ٥ رۆژ هاتمە دەرەوەو جارێکی دیکەش هەوای ئازادیم بۆ ماوەی کاتیش بووبێ خزاندە سییەکانمەوە.ئەم سەرکەوتنەی ئێمە بەسەر دەزگا ئەمنێکانی رژیم‌دا، لە شان و پیلی ئەوان خۆش نەهاتبوو، بۆیە هەر زوو هەوڵەکانیان بۆ زیندوو کردنەوەی حوکمی لە سێدارەدانم خستەوە گەڕ، ئەمجارەیان سکاڵایەکی دیکەیان لێ بەرز کردبوومەوە و دەیانویست تاوانی کوشتنی پاسدارێک لە شەڕێکی ئاوایی خانەگێ‌دا بە سەرم‌دا بسەپێنن، هەر بۆیە بۆم روون بوویەوە کە ناکرێ زۆر دڵم بەم بارودۆخە خۆش بکەم کە هەر ئانوساتێک دەتوانێ مەترسی لە سێدارەدانم بۆ زیندوو بێتەوە، ماوەیەک بوو راوراوێژی خۆم دەگەڵ کۆمەڵە کەسێکی جێگای متمانەم دەست پێ کردبوو، جاری دووهەمی هاتنە دەروەی کاتیم تەنیا رۆژو دانێک بوو، ئەمجارەیان ماوەکە زۆر کورت بوو بۆیە پێمان گونجاو نەبوو تا پلانی دەرباز بوونم بە ئاکام بگەیەنین، بەو پێیە دیسان چوومەوە زیندان و ماوەیەک راوەستام، بەڵام لەم لاشەوە هەوڵەکانی ئەوان بە بێ پسانەوە بەردەوام بوو و بنەماڵەی کووژراوەکە تینیان هێنابوو کە دەبێ حوکمەکەی بگرێتەوە.ئەمجارەیان رۆژی مەبەستمان بوو، نەورۆز بوو و بەهاری ساڵی ١٣٨٤، دەبوو ماوەیەکی درێژتر بۆ هاتنە دەرەوەی کاتی داوا بکەم، بە هەر شێوازێک بوو، دیسان ماوەی ٥ رۆژی دیکەیان بۆ نووسیم و هاتمە دەرەوە، ئەمجارەیان بە بێ دوودڵی و بە هەماهەنگی پێشووتر دەگەڵ هاوڕێیانی حیزبی و بە هاوکاری کاک حوسێن گوڵاوی یەکسەر رێگای سنوورمان وێڕای مریەمی هاوسەرم و ساکاری کوڕم گرتە بەر، بە خۆشێوە ئەم هەماهەنگی و یارمەتیدانەی هاوڕێیانم بوو بە هۆی ئازادی یەکجاریم و پەڕینەوەم بۆ باشووری کوردستان، ئەمەش فەخرێک بوو بۆ هەر هەموومان کە سەرەڕای دڕندەیی رژیمی کۆنەپەرەستی ئیسلامی، بەڵام تەبایی و یەکگرتوویی ئێمە و دۆستان و دڵسۆزانمان، توانی بەسەر ئەم دێوەزمەیەدا زاڵمان بکا و بە ئازادی من نەیانتوانی ئەوەی مەبەستیان بوو بیکەن.هیچ شتێک لە ئازد بوون لە بەندی دووژمن بە جێژتر و خۆشتر نییە، بە تایبەت کاتێک دەبینی ئەم قوربانیدان و لە خۆبردووییەی کردووتە، بەرهەمی هەبووەو بۆتە هۆی خۆشەویستیت لە ناو خەڵک و بەرهەم هێنانی دۆستانێک کە لە هەموو بوارێکدا پشتیوان و پشتگیرتن، هاتنەوەم بۆ باشوور وێڕای ئەوەی تەنگ و چەڵەمەی زۆری بوو، بەڵام کاتێک خەندە و شادی هاوڕێیانم لە جێژنی هاتنەوە ریزی شۆڕش‌دا بینی، بست بست باڵام دەکرد.ئەوەی ئەم چەند ساڵە ژیانە سەختە، چەندە کاریگەری دەروونی هەبووە، حاشای لێ ناکرێ، بەڵام گەورەترین خەساری، کەم‌ئەندام بوونم بوو، کە بواری هەڵسوڕانی وەکوو پێشمەرگەیەکی ئەم نیشتمانە لێ ئەستاندبوومەوە، هاوکات پێویستی بەردەوامم بە چارەسەری پزیشکی هەبوو، بۆیە دوای ٩ساڵ ژیان لە ناو کەمپەکانی حیزب بە ناچار رێگای هەندەرانم هەڵبژارد و ئێستا لە وڵاتی دانمارک نیشتەجێم. ئەم وردە ئاوڕدانەوە لە ژیانم، نیشان دەدا کە ژیانم چەندە بە چەرمەسەری راهاتووە و چەندە بە نەهامەتی ئاشنایە، بەڵام ئەوەی ئێستاش و لە رابردووش‌دا و لە ناخۆشترین و ئەستەمترین رۆژەکانی ژیانم لە سەرپێی راگرتووم و چۆکی پێ دانەداوم، ترووسکەی هیوا و بڕوا بە داهاتووی گەش بووە، ئەم هیوا و بڕوایەش هەر جارەی لە شتێک‌دا بۆم وێنا بووە، ئەگەر سەردەمانێک تەنیا حیزبەکەم و هاوڕێ پێشمەرگەکانم بوون، ئیستا خەڵک، دۆستان، هاوڕێیان، بنەماڵەکەم و بەتایبەت کچ و کوڕی ژیر و لەبەر دڵانم ساکار و سكاڵاشی لێ زیاد بووە، هیچ ئیغراقم نەکردووە، گەر بڵەم لە یەک چرکەی ژیانی تەژی لە تەنگ و چەڵەمی خۆم پەشیمان نیم و تا سەر بە هەر شێوازێک بۆم بلوێ، رێگا و رێبازی کوردایەتی هاوڕێیان و رێبەرانی شەهیدم ون ناکەم.