خۆڕاگری: لقی دووی دادگای تاوانەکانی ڕێژیم، دوو هاوڵاتیی خەڵکی بۆکانی بە ناوەکانی ڕەحیم شیلانی و ئازاد ڕەسووڵیفەرد، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل، هەر کامەیان سزای دوو ساڵ بەندکردنی تەعزیریی بەسەردا سەپاندن.
ڕۆژی دووشەممە، ۱۹ی گەلاوێژی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۱۰ی ئاگۆستی ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری”ڕایگەیاند: سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر ڕەحیم شیلانی و ئازاد ڕەسووڵیفەرد، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان، لەسەر بنەمای مادەی ٥ی یاسای توندکردنی سزای سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل و وڵاتانی دژبەری ڕێژیم دوژم دەر کراوە و دەسەڵاتدارانی قەزایی ڕێژیمی ئێران، مامەڵەکردن بە کەرەستەکانی ئینتێرنێتی مانگی دەستکردی ستارلینکیان وەک کردەوەیەک بەدژی ئاسایشی گشتی هەژمار کردووە و بەو پێیە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیلیان ئاراستەی ئەم دوو هاوڵاتییە کردووە.
ڕەحیم شیلانی و ئازاد ڕەسووڵیفەرد، لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە بۆکان دەسبەسەر کران و دوای دەسبەسەربوونیان گوازرانەوە بۆ گرتنگەیەکی ڕێژیم و دواتر لە ڕۆژێ ٣ی خاکەلێوەی ئەمساڵ ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان کران.
شایانی باسە کە، ئەم دوو هاوڵاتییە لە کۆتاییەکانی مانگی خاکەلێوەدا، بە دانانی بارمتەی سێ ملیارد تمەنی بۆ هەر کامێکیان، بە شێوەی کاتی تا کاتی جێبەجێکردنی سزاکەیان یان قۆناغەکانی دیکەی دادگاییکردن ئازاد کراون و هەروها لە ماوەی دەسبەسەربوونیاندا لە مافی سەرەتایی خۆیان، وەکوو؛ دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کران، کە ئەمەش نیگەرانیی لای بنەماڵە و چالاکانی مافی مرۆڤ دروست کردووە.

Be the first to comment