خۆڕاگری: مای ساتو، ڕێپۆرتەری کاروباری مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ئێکس»، وێڕای دووپاتکردنەوەی هۆشدارییەکانی ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە هەڵکشانی ڕێژەی لەسێدارەدان لە ئێران، نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە لەسێدارەدانەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە نەک هەر ڕانەگیراون، بەڵکوو بە تایبەت لەو کەیسانەدا کە پەیوەندییان بە تۆمەتە ئەمنییەکانەوە هەیە، توندوتیژی و خێرایی جێبەجێکردنی سزاکان پەرەی سەندووە. ساتو لە درێژەدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە ئاشکرا باسی پێویستیی بەکارهێنانی سزای سێدارە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی وڵاتەکەیان دەکەن و سەرباری ئەوەی زۆرینەی لەسێدارەدانەکان بە تۆمەتی کوشتن یان تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان ئەنجام دەدرێن، بەڵام ڕەوتێکی مەترسیداری لەسێدارەدانی بەشداربووانی ناڕەزایەتییەکان و هەڵگرانی تۆمەتی ئەمنیی سەری هەڵداوە.
جێی ئاماژەیە کە مای ساتو ئاشکرای کرد کە لانیکەم دوو کەس لەو دەسبەسەرکراوانە لە بەرچاوی خەڵکدا لە سێدارە دراون و ئامانج لەم کردەوانە، بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لەنێو کۆمەڵگەدایە و ئەمە شێوازێکە بۆ چاوترسێنکردنی هاووڵاتییان لە ڕێگەی پەنابردن بۆ توندوتیژیی کوشندە.

Be the first to comment