ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کردن و ڕفاندنی حەبیب ئەسیوەندی لە تورکیەوە بۆ ئێران پشتڕاست کردەوە


سەرۆکی کۆمیتەی ئاسایشی نەتەویی مەجلیسی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە ناوەندەکانی ئاسایش و ئیتلاعاتی ڕێژیم “حەبیب ئەسیوەند سەرۆکی پێشووی بزووتنەوەی بەرەنگاریی عەرەبی بۆ ئازادی ئەهواز”یان ڕفاندووە و ناوبراو لە ئێستادا لە تاران لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
هەر لەم بارەوە موجتەبا یوسفی نوێنەری مەجلیسی تاران پەسەندی کرد کە سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم، حەبیب ئەسیوەندیان دەسبەسەر و گواستوویانەتەوە بۆ تاران.
لە لایەکی دیکەوە تەلەڤزیۆنی دەنگ و ڕەنگی سوئێد ڕایگەیاندووە کە، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی سوئێد لە ڕێگەی بنەماڵەی حەبیب ئەسیوەند لە دەسبەسەر کردنی ناوبراو لە تورکیە و ڕفاندنی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، ئاگادار کراونەتەوە.
بەپێی ئەو هەواڵە کە ڕۆژی شەممە ١٠ی خەڵوەری ٩٩ی هەتاوی بڵاو بووەتەوە، حەبیب ئەسیوەند تەمەن ٤٧ساڵ خاوەنی وڵاتنامەی سوئێد، بە هۆکاری ڕێبەری و چالاکی سەربەخۆییخوازانەی ئەهواز، لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە سزای لە سێدارەدان مەحکووم بووە.
لە درێژەی ئەم هەواڵەدا هاتووە کە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی سوئێد پشتڕاستی کردەوە کە ئاگاداری ئەو بابەتەیە بەڵام لەو بارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە.
دەوڵەتی سوئێد دوای دەسبەسەرکردن و ڕفاندنی هاووڵاتییەکی سوئێدی لە ئیستانبوڵەوە بۆ ئێران، ئەم کردەوەیە بە تێکدانی ئاسایشی نێونەتەوەیی دەزانێ.
جێی ئاماژەیە کە هۆدا هاشمی هاوسەری حەبیب ئەسیوەند، لە وتووێژێکی لەگەڵ ڕاگەیاندنی “ئەلعەڕەبیە” ڕایگەیاند کە، وڵاتی قەتەر لە فریودانی هاوسەرەکەی لەگەڵ تورکیە هاوکاری کردوە و دواتر ئەنقەرە ناوبراوی ڕادەستی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانی کردەوە.
“بزووتنەوەی خەباتگێڕی عەرەبی بۆ ئازادی ئەهواز” سەبارەت بە ڕفاندنی حەبیب ئەسیوەند لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە تورکیە، ڕایگەیاند کە ئەسیوەند دوای ئەوەی لە لایەن وڵاتێکی عەرەبییەوە فێڵی لێکراوە لە ڕادەستکردنی ناوبراو بە ڕێژیمی ئێران بەشدار بووە.
سەبارەت بەم دۆخە چالاکانی ئەهوازی لە ڕێگەی تویتێرەوە، وڵاتی قەتەریان تاوانبار کرد بە ڕادەستکردنەوەی سەرۆکی پێشووی بزووتنەوەی خەباتگێڕیی عەڕەبی بۆ ئازادی ئەهواز، بە ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران.
شایانی باسە کە ڕێژیمی ئێران ئەمە یەکەمجاری نییە کە ئازادیخوازان، چالاکانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسان دەسبەسەر و ئەشکەنجە و ئازار دەدات، چەند مانگ لەمەوبەر “ڕۆحوڵا زەم” ڕۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی بە پلان و کردەوەکانی ڕێژیم لە شاری نەجەفی وڵاتی عێراق دەسبەسەر و ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعات کرا کە ئێستا لە بەندیخانەکانی ئەو ڕێژیمەدایە.
هەروەها لە ساڵی ١٣٧٧ی هەتاوی، کەریم تووژەڵی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی تورکیەی ڕادەستی کۆماری ئیسلامیی کرایەوە و دوای چەند ساڵ ئەشکەنجە لە بەندیخانە، سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپاند و لە سێدارەی دا، ڕێژیمی ئێران بە درێژایی مێژووی خۆی قەت دەستی لە تێرۆر و ڕفاندن و کوشتار هەڵنەگرتووە و یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردوە.