مەترسیی جیددی لەسەر ژیانی شلێر مام‌قادری، بەندکراوی سیاسیی تووشبوو بە شێرپەنجە هەیە

خۆڕاگری: دۆخی تەندروستیی شلێر مام‌قادری، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی مەهاباد، بەهۆی بێبەشکردنی لە چاودێریی پزیشکی و ڕێگریی بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ لە ناردنی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان، بەشێوەیەکی مەترسیدار بەرەو خراپبوون دەچێت.
ڕۆژی یەکشەممە، ۱٤ی پووشپەڕی ۱٤۰٥ی هەتاوی، “٥ی جولای ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیانید: شلێر مام‌قادری، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری مەهاباد کە تووشبووی نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمکە، لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا بەهۆی نەبوونی دەرمان و ئاستەنگ دروستکردن بۆ چارەسەرکردنی، ٢٧ کیلۆ لە کێشی کەمی کردوە و ئەم دۆخە نالەبارە، مەترسیی ڕاستەقینەی لەسەر ژیانی دروست کردووە.
ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٢وە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و تا ئەم ساتە هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەبارەی تۆمەتەکان و هۆکاری بەردەوامبوونی مانەوەی لە بەندیخانەدا بڵاو نەبووەتەوە و هەروەها لە بەرانبەردا، چالاکانی بواری مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن کە تێکەڵبوونی گوشارە دەروونییەکان، ئەشکەنجەی جەستەیی و بێبەشبوونی لە مافی سەرەتایی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، تەندروستیی ئەم بەندکراوە سیاسییە گەیاندووەتە قۆناغێکی هەستیار.
جێی ئاماژەیە کە، ئەم ڕەوشە ناچارییە، نیگەرانیی بنەماڵە و چالاکانی مەدەنی بەدوای خۆیدا هێناوە و داوای دەسبەجێ گواستنەوەی ناوبراو بۆ ناوەندێکی تەندروستی دەکەن.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*