خۆڕاگری: دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران لە درێژەی گوشار و سەپاندنی سزای ئەمنی بەسەر خۆپیشاندەرانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ساڵی ڕابردوودا، سزای بەندکردنی بەسەر “ئەبوولفەزڵ ئازادی قارەمانلوو”، لاوی تەمەن ٢٠ ساڵانی خەڵکی دەڕگەز دەرکرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ١١ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی “٢ی جولای ٢٠٢٦ی زایینی” لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە شاری قووچان، ئەبوولفەزڵ ئازادی قارەمانلووی بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، بە ٥ ساڵ بەندکردن مەحکووم کردووە و بەگوێرەی بڕیارەکە، یەک ساڵ لەم سزایە دەبێت بە کردەیی جێبەجێ بکرێت و چوار ساڵەکەی دیکەش بۆ ماوەیەکی دیاریکراو هەڵپەسێردراوە.
ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٥ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا، هاوکات لەگەڵ شەپۆلی دەسبەسەرکردنە بەرفراوانەکانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەسبەسەر کرابوو و پاش تێپەڕاندنی نزیکەی دوو مانگ لە ژێر لێپرسینەوە و ڕاگیراندا، لە مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵدا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو.
شایەنی باسە، ئەم لاوە کوردە لە ئێستادا بە دانانی بەڵگەنامە لە دەرەوەی بەندیخانەیە و چاوەڕوانی یەکلاییبوونەوەی کۆتایی دۆسیەکەی دەکات.

Be the first to comment