خۆڕاگری: دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە بجنوورد، عیرفان سەجادی، لاوی تەمەن ٢٠ ساڵانی کورد و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردووی، بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام بە شێوەی غیابی سزای بەندکردن و سزای دارایی بەسەردا سەپاند.
ڕۆژی دووشەممە، ٥ی گەلاوێژی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۲۷ی جولای ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لقی دووی دادگای ئینقلابی ڕێژیم ئێران لە شاری بجنوورد لە کۆتاییەکانی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا، بەبێ بوونی پارێزەر و بەبێ ئامادەبوونی عیرفان سەجادی لە دادگا، بڕیاری شەش مانگ بەندکردنی تەعزیری و پێبژاردنی دوو سەد ملیۆن تمەن سزای دارایی بەسەردا سەپاندووە و هەروەها ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک دەسبەسەر کرا و پاش تێپەڕکردنی چەند ڕۆژ ڕاگیران بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
تا ئێستا هۆکاری سەرەکیی ئەم سزا توندە ڕوون نەکراوەتەوە، بەڵام ئەم بڕیارە لە کاتێکدا دەرچووە کە ناوبراو مافی ئەوەی پێنەدراوە لە پرۆسەی دادگاییکردنەکەیدا بەرگری لە خۆی بکات و لەماوەی دەسبەسەربوونیشیدا لەمافە سەرەتاییەکان بێبەش کراوە.

Be the first to comment