سەپاندنی سزای بەندکردن و لێدانی قامچی بەسەر هاووڵاتییەکی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: نیما شیری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆجنوورد، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران، سزای ۱ساڵ بەندکردن، ۱ساڵ دوورخستنە و لێدانی قامچیی بەسەردا سەپێندراوە.
ڕۆژی دووشەممە، ۱٥ی پووشپەڕی ۱٤۰٥ی هەتاوی “٦ی جولای ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: نیما شیری، هاووڵاتیی خەڵکی “ئاشخانە”ـی بۆجنوورد، لە دەسبەسەرکراوانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای سزایی دووی ڕێژیم شاری «ئاشخانە» بە سەرۆکایەتیی قازی «مورادی» بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان، سزای یەک ساڵ بەندکردن، یەک ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری زاهیدان و لێدانی ٧٤ قامچی بەسەردا سەپێندراوە.
ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٤ی بەفرانباری ۱٤۰٤ی هەتاوی(٤ی ژانویەی ٢٠٢٦) لە کاتی بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە شاری بۆجنوورد، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو و دوای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ بەسەر دەسبەسەربوونیدا، تا کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییەکەی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
جێی ئاماژەیە کە، سەپاندنی ئەم جۆرە سزایانە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام هۆشداری دەدەن لەسەر بەکارهێنانی دادگاکان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان و دروستکردنی کەشێکی ترس و تۆقاندن لە دژی هاووڵاتییان.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*