خۆڕاگری: سزای لەسێدارەدانی دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خۆپیشاندانەکان ساڵی ڕابردوو بە ناوەکانی “عارف خۆشکار و محەممەد ئەمینی دێهاقانی”، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە لە زیندانەکانی قزلحەسار و ئیسفەهان جێبەجێ کرا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری”، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی “١٥ی جولای ٢٠٢٦ی زایینی”، عارف خۆشکار، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لە بەندیخانەی قزلحەساری کەرەج و محەممەد ئەمینی دێهاقانی، یەکێکی دیکە لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لە بەندیخانەی ئیسفەهان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە دران.
دەزگای قەزایی ڕێژیم، تۆمەتی وەک تێکدانی ئاسایشی گشتی، هەڵدانی کۆکتێل مۆلۆتۆف بۆ سەر فەرمانداری و بنکەکانی پۆلیس و ئەنجامدانی ناڕەزایەتی خستووەتە پاڵ محەممەد ئەمینی دێهقانی، کە ئەم سزایە لەسەر بنەمای وێنەی کامێراکانی چاوەدێری و دانپێدانانی زۆرەملێ سەپێندراوە.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەم بارەیەوە ڕایانگەیاندووە کە جێبەجێکردنی ئەم جۆرە سزا نامرۆڤانەی سێدارە لە دۆسییە سیاسی و ئەمنییەتییەکاندا، بەتایبەت لە بارودۆخی قەیراناویدا، بەشێکە لە سیاسەتی سیستماتیکی ڕێژیم بۆ بەکارهێنانی سزای مەرگ بە مەبەستی دروستکردنی ترس و تۆقاندن لە ناو کۆمەڵگەدا و کۆنتڕۆڵکردنی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکان.

Be the first to comment