خۆڕاگری: سەید عەلی قوڕەیشی، هونەرمەندی ناوسراوی خەڵکی بۆکان، پاش نزیکەی مانگێک ڕاگیران، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١١ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی “١ی ژووئەنی ٢٠٢٦ی زایینی” سەید عەلی قوڕەیشی، هونەمەرمەندی گۆرانیبێژ و هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی تەمەن ٦٧ساڵانی خەڵکی شاری بۆکان، پاش تێپەڕبوونی نزیکەی مانگێک بەسەر دەسبەسەربوونی، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.
ناوبراو ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی بانەمەڕی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا بەشێوەیەکی دڕەندانە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرابوو و بە مەبەستی لێکۆڵینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری ورمێ کرابوو و هەروەها دوای کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گوازرابووەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری بۆکان و تائێستا زانیاریی ورد لەسەر چارەنووسی لە بەردەستدا نییە لە ڕۆژانی ڕابردوودا.

Be the first to comment