✍: سەلاح خزرپوور
١٢ی جۆزەردان؛ برینێکی سارێژنەبوو و سیمایەک لە خۆڕاگریی گەلێک
مێژووی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، پڕیەتی لە لاپەڕەی خوێناوی و ساتەوەختی پڕ لە دەرد و مەینەت، کە هەر کامیان وەک برینێکی قوڵ لەسەر جەستەی نەتەوەیەک ماونەتەوە. لە نێو ئەو ڕۆژە ڕەش و پڕ لە کارەساتانەدا، ١٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، وەک خاڵێکی ڕەش لە مێژووی پڕ لە تاوانی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەمیشە وەک لووتکەی زوڵم و بێباکی بەرامبەر بە گیانی مرۆڤ دەمێنێتەوە. لەو ڕۆژەدا، پەنجا و نۆ لاوی خوێنگەرمی مەهابادی، تەنیا لەبەر ئەوەی بەدوای ئازادی و دادپەروەریدا وێڵ بوون، بێ ئەوەی دادگاییەکی دادپەروەرانەیان بۆ بکرێت، لە سێدارە دران و ڕەوانەی مەنزڵگەی نەمران کران.
ئەو کۆمەڵکوژییە، تەنیا لەسێدارەدانی ٥٩ مرۆڤ نەبوو، بەڵکو هەوڵێکی بە ئەنقەست بوو بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ناڕەزایەتی و ترساندنی نەوەیەک کە دەیویست ئازاد بژیت. بەڵام مێژوو سەلماندی کە خوێنی ئەو لاوانە، نەک هەر نەبووە هۆی کپبوونی دەنگی ئازادیخوازی، بەڵکو وەک بڵێسەیەک لە نێو دڵی خەڵکدا مایەوە و بووە هەوێنی بەردەوامیی خەبات.
بە ناودێرکردنی ١٢ی جۆزەردان وەک “ڕۆژی بەندکراوانی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان”، ئێمە تەنیا یادی کارەساتێک ناکەینەوە، بەڵکو ڕێز لە کۆی ئەو مێژووە پڕ لە شکۆیە دەگرین کە بەندکراوانی سیاسی لە زیندانە تاریکەکانی ئێراندا تۆماریان کردووە. ئەوان، لە پشت دیوارە بەرزەکان و لە نێو ژوورە سارد و بێدەنگەکاندا، بوونەتە قەڵای خۆڕاگری و سەنگەری نەبەزین.
بەندکراوانی سیاسی، سیمبۆلی بێوێنەی باوەڕ و ئیرادەن. ئەوان سەلماندیان کە جەستە دەکرێت زیندانی بکرێت، بەڵام بیر و باوەڕ و ئیرادەی ئازادیخوازی، هیچ کات و لە هیچ بەندیخانەیەکدا نابەسترێتەوە. ئەوان بە چۆک دانەدان و بە مانەوەیان لەسەر بەڵێنەکانیان، بوونەتە چرایەک بۆ نەوەکانی دوای خۆیان و ڕەمزی زیندوومانەی سەنگەری خەبات.
ئەم ڕۆژە، دەرفەتێکە بۆ نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ خوێنی ئەو شەهیدانە و دەربڕینی هاودەنگی لەگەڵ هەموو ئەو تێکۆشەرانەی کە ئەمڕۆش لە زیندانەکاندا، بە گیانی خۆیان بەرگری لە کەرامەتی نەتەوەیی دەکەن. یادی ٥٩ لاوی مەهاباد، یادی هەموو قوربانیانی ڕێگای ئازادییە؛ ئەوانەی کە بە گیانیان مۆری خۆڕاگرییان لەسەر مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوە.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ١٢ی جۆزەردان و هەموو شەهیدانی کوردستان
سڵاو لە خۆڕاگریی بێوێنەی بەندکراوانی سیاسی کە هەتاهەتایە وەک ئەستێرەیەک لە ئاسمانی خەباتی گەلەکەماندا دەدرەوشێنەوە.

Be the first to comment