سزای دابڕان لە کاری سەلاحەدین حاجی‌میرزایی، مامۆستای چالاکوانی سێنفیی خەڵكی سنە کەم کرایەوە

خۆڕاگری: لە قۆناغی پێداچوونەوەدا، سزای دابڕانی کاتی لە کاری «سەلاحەدین حاجی‌میرزایی»، مامۆستا و چالاکوانی سێنفیی مامۆستایانی سنە، لە یەک ساڵەوە بۆ چوار مانگ کەم کرایەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٣ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی “٣ی ژووئەنی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند:  ئەم مامۆستایە کە ئەزموونی ٢٧ ساڵ خزمەتی هەیە، پێشتر لەلایەن لێژنەی سەرەتایی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییە ئیدارییەکانی پەروەردەی کوردستانەوە بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە مانگرتن و کۆبوونەوەکان» و «چالاکیی لە ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایان»، سزای یەک ساڵ دابڕان لە کاری بەسەردا سەپێندرابوو.

دوای ناڕەزایەتیی ناوبراو، لقی یەکی لێژنەی پێداچوونەوە، لە ڕێکەوتی ١٤ی مانگی بانەمەری ئەمساڵ، بە پشتبەستن بە ماددە یاساییە پەیوەندیدارەکان، سزاکەی بۆ چوار مانگ کەم کردەوە و سەرەڕای ئەم کەمکردنەوەیە، چاودێران و چالاکانی مەدەنی ئەم سزایە وەک درێژەی گوشارە ئیداری و ئەمنییەکان بۆ سەر مامۆستایان لە کوردستان لە قەڵەم دەدەن.

سەڵاحەدین حاجی‌میرزایی، تەمەن ٤٩ ساڵان، لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار لەژێر گوشاری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمدا بووە و هەروەها  لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، بانگهێشتی دادسەرا کرابوو و لەلایەن لێکۆڵەرانی ئەمنییەوە لێپرسینەوەی لێ کرابوو و هەڕەشەی لێ کراوە تا لە هەر جۆرە چالاکییەکی سێنفی و مەدەنی خۆی ببوێرێت.

شایانی باسە کە، ئەم دۆسیەیە بەشێکە لە ڕەوتێکی بەرفراوانی سەرکوتی مامۆستایان کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا پەرەی سەندووە و بەکاربردنی سزای وەک دابڕان لە کار، خانەنشینکردنی زۆرەملێ و دۆسیەسازیی ئیداری دژی مامۆستایان، لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە وەک هەوڵێک بۆ کپکردنی داخوازییە ڕەواکانی مامۆستایان لێک دەدرێتەوە و ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای مەحکوومکردنی ئەم سزایە، جەخت دەکاتەوە کە بە ئیداری‌کردنی چالاکییە سێنفی و مەدەنییەکان، پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافە بنەڕەتییەکانی مامۆستایان ئەنجام دەدرێت و ئەم جۆرە ڕەفتارانە، ئازادیی ڕێکخراوبوون و سەربەخۆیی دامەزراوەی پەروەردە دەخاتە مەترسییەوە و ڕێگرە لە بەردەم پەروەردەیەکی ئازاد و دوور لە دەستێوەردانی ئەمنییەتی.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*