دڵێکی سەوداسەر و عەشقێکی چیایی

جەماڵ کەنکاش

“جەماڵ کەنکاش”ـم ساڵی ١٣٥٠ لە بۆکان لەدایک بووم. لەبەر ئەوەی زوو تێکەڵ بە کاری حیزبی بووم، هەتا چواری سەرەتاییم خوێند؛ کە دواتر لە زیندان درێژەم بە خوێندن دا.

تەمەنی منداڵییم وەک زۆربەی منداڵانی تری کوردستان لەو سەردەمەدا، هاوکات بوو لەگەڵ گۆڕانە بنەڕەتییە سیاسییەکان و شەڕی داسەپاو بەسەر نەتەوە و نیشتمانەکەماندا. منیش وەکوو زۆر یەک لە هۆگرانی ڕێبازی شەهید دوکتور قاسملوو، حیزبی دێموکراتم هەڵبژارد.

یەکەم جار کە چوومە ڕیزی پێشمەرگەکانەوە ساڵی ٦٢ بوو و، لەبەر کەمیی تەمەنم ناردیانم بۆ ڕێکخراوی یەکیەتیی لاوان و نەیانهێشت لە هێزی پێشمەرگەدا ببمە ئەندام.

ئەو کات کە لە یەکیەتیی لاواندا بووم، تووشی خاڵۆزایەکم بووم بە ناوی “شەهید ڕەحیم سۆفی” کە پێشمەرگەی هێزی پێشەوا بوو. دەیانویست لە گوندی “نۆبار”ەوە بچن عەمەلیاتێک لە نێو شاری بۆکاندا بکەن و، لەوێدا بوو کە منیش بە ئاواتی لەمێژینەی خۆم گەیشتم و وەک پێشمەرگە لەگەڵیان کەوتم. ساڵی ١٣٦٤ و لە کاتێکدا بۆ ڕاپەڕاندنی مەئموورییەتێکی حیزبی چووبوومە نێو دێی سەهۆڵانەوە، بەداخەوە بە چەکەوە گیرام.

پاش ئەوەی بۆ ماوەی چەند ڕۆژ لە گرتنگەیەک لە شاری مەهاباد ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆریان دام، لەوێ‌ڕا بەڕێی بۆکانیان کردم. لەوێش بۆ ماوەیەکی زۆر ڕایان‌گرتم و خرامە ژێر گوشارەوە. لەوێ شایەدی زۆر جینایەت و ئێعدام و هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە بەرامبەر بە لاوان و ژن و پیاوانێک بووم، کە وەک من سەوداسەری ئازادیی گەلەکەیان بوون.

ماوەیەک لە زیندانی بۆکان بووم، پاشان بۆ حوکمەکەم بردیانم بۆ گرتنگەیەک لە مەهاباد کە پێیان دەگوت “خانه معلم” و لەبەردەستی ئیتلاعاتدا بوو؛ لەوێوە بردیانمە دادسەرای مەهاباد. لەوێ حوکمی دە ساڵیان زیندان بۆ بڕیمەوە و لەگەڵ چەند کەسی حیزبیی دیکە ناردیانین بۆ زیندانی “دەریا” لە ورمێ.

ماوەی پتر لە سێ ساڵ لە ٦٥ـەوە بۆ ٦٧ لەو زیندانە مامەوە. لەم ماوەیەدا شاهیدی کۆمەڵکوژیی زیندانییانی سیاسی بووم، شاهیدی ئەشکەنجەی بنەماڵەیی و ڕۆحی و جەستەیی زۆر یەک لەو زیندانییانە بووم.

لە دوای کۆمەڵکوژییەکە زیندانییانی سیاسیی ساڵی ٦٧، بە مەبەستی هەڵخەڵەتاندنی ڕای گشتی لێبوردنێکی گشتی درا و، لە چەند قۆناغی جیادا کەسانێک ئازاد کران، کە دیارە دوای ماوەیەک زۆر لەوان دیسانەکەش گیرانەوە و تەنانەت بەشێکیان ئێعدامیش کران. یەک لەو کەسانە من بووم کە ماوەیەک ئازاد کرام و دواتر جارێکی دیکەش دەسبەسەر کرامەوە.

هەرچەندە وەک باسم کرد ڕۆژانی تاڵ و ڕەشم لە زیندانەکاندا بەسەر برد و شاهیدی ئەشکەنجەی خۆم و هاوڕێیانم و تەنانەت ئێعدامیان بووم، بەڵام هیچ کام لەمانە نەیان‌توانی شلوێم بکەن و لە دوای کەمتر لە یەک مانگ لە بەربوونەکەم؛ بڕیارم دا دیسان بچمەوە ڕیزی پێشمەرگەکانی دێموکرات. بە حوکمی ئەوەی پێشتر پێشمەرگە بووم، دوو کەسیش متمانەیان پێ کردم و لەگەڵم کەوتن.

بەداخەوە بە هۆی جاشێکەوە، نهێنییمان درکا و لەو کاتەی لە “قەلەڕەشە”ی سەردەشت چاوەڕێی ئەوەمان دەکرد قاچاخچی بمان‌پەڕێنێتەوە، دوو مەئمووری ئیتلاعات هاتن و گرتیانین. ماوەیەکی زۆر لە ئیتلاعاتی سەردەشت ڕایان‌گرتم و لە دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر ڕەوانەی ئیتلاعاتی بۆکان کرامەوە.

لێرەش ئەشکەنجە و ئازار و ئێعدامەکان بەردەوام بوون، ئەو کەسانەی کە پێشتر بەخشرا بوون، گیرابوونەوە و بەبێ ئەوەی هیچ چالاکییەکی سیاسییان هەبێ دیسان حوکمی درێژخایەنیان بەسەردا سەپابوو و تەنانەت ئێعدامیش دەکران. پاش ٢٣ مانگ مانەوە بردیانمەوە بۆ زیندانی مەهاباد. دواتر لەوێ بەبێ ئەوەی پارێزەرێکم هەبێ، کەسێکی بەناو قازی دەستی کرد بە هەڕەشە لێ‌کردنم و لەوێ پێی گوتم حوکمەکەت بەبێ ئەم‌لا و ئەولا ئێعدامە.

دواتر لە دادسەرای میاندوواو حوکمی ئێعداممان بەسەردا سەپا و لەو ٢٩ کەسە ٩ کەسمان ئێعدام کران. قازی “مورتەزەوی” بە یەک شەو هەموومانی دادگایی کرد و حوکمی داین، من بەپێی دوو مادە ئەگەر هەڵە نەکەم کە (یەکیان ١٩٨ بوو، یەکیشیان ٢٠٢) بە دوو جار ئێعدام مەحکووم کرام و بەڕێ کرامەوە زیندانی ورمێ.

ساڵی ٧٢ بۆ درێژەی زیندانییەکەم ناردیانمەوە بۆ زیندانی بۆکان، ئەو دەم یاسایەکیان دەرکرد ئەو شارانەی کە زیندانییان زۆر بوو بازداشتگایەک دروست بکەن، ئەمنیان بردە بازداشتگایەکی زۆر تەنگەبەر و ناخۆش بەڵام ئەوەی هەبوو کە لە بنەماڵەکەم نزیک بووم، ئاسوودەتر دەهاتنە دیتنم و سەختیی ڕێگا و ئازار و ئەشکەنجەکان بۆ ئەوان کەمتر بوو.

بەم شێوەیە بە هەموو تاڵی و ناخۆشییک هەتا ساڵی ١٣٧٨ لە زیندانی بۆکاندا بووم، پاشان بە هۆی هەلێکی کە بۆم ڕەخسا توانیم لە زیندانی بۆکان ڕا بکەم. دوای ڕۆژێک لە سنووری بانەوە خۆم گەیاندەوە باشووری کوردستان و لە شاری کۆیە شەرەفی ئەندامەتیی حیزبم دیسان پێ بەخشراوە. بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتییم دیسان لەبەر کردەوە و لە قۆناغێکی دیکەدا و بەشێوازێکی دیکە درێژەدەری ڕێگا و ڕێبازی حیزبی دێموکرات و شەهیدانی ڕێبەر و هەموو ئەو هاوڕێیانە بووم کە لە نیزیکەوە، یان لە سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید کران، هەروەها ئەو کەسانەی بە ناحەق و بە دزییەوە لە سێدارە دراون یان تیرباران کراون و تێچووی ئازادیی ئەم گەلەیان داوە.