سەپاندنی سزای بەندکردن و لێدانی قامچی بەسەر دوو دەسبەسەرکراوی کورددا لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی مەحموود شاددڵ و مستەفا عەلیپوور، کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو دەسبەسەر کرابوون، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە، بە تێکڕا سزای حەوت ساڵ و دوو مانگ و ڕۆژێک بەندکردن و لێدانی ٧٤ قامچیان بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی گەلاوێژی ۱٤۰٥ی هەتاوی “٢ی ئاگۆست ۲۰۲٦ی زایینی” مەحموود شاددڵ، هاووڵاتیی کوردی خەڵكی بجنوورد و پاڵەوانی ماتۆڕسواریی، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لەو شارە بە سەرۆکایەتیی قازی “جەعفەر هاشمی”، بە تۆمەتی کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی گشتی و پڕوپاگەندە بەدژی نیزام، سزای سێ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

دادگا بە ناوبراوی ڕاگەیاندووە ئەگەر تانە لە بڕیارەکە بدات، سزاکەی قورستر دەبێت و هەروەها لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا، کەوتووەتە بەر دەسڕێژی گولـلەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و بەوهۆیەوە فیشەک بەر ئۆتۆمبێلەکەی کەوتووە و  لە ماوەی دەسبەسەرکردنیدا بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ کەوتووەتە ژێر ئەشکەنجەی دڕندانە، بە جۆرێک نینۆکەکانی پێی هەڵکێشراون، بەڵام سەرەڕای ئەو ئازارانە، ئامادە نەبووە دان بە تاوانە نەسەپێندراوەکانیدا بنێت.

لە لایەکی دیکەوە، مستەفا عەلیپوور، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بجنوورد، لە دۆسیەیەکی دوو بەشیدا لەلایەن دادگاکانی ڕێژیمەوە لەو شارە، سزای چوار ساڵ و دوو مانگ و ڕۆژێک بەندکردن و ٧٤ قامچیی بەسەردا سەپێندراوە و  لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیم بە سەرۆکایەتیی قازی «ئیزانلوو»، سزای سێ ساڵ و شەش مانگ و ڕۆژێک بەندکردن و لە لقی ١٠٤ی دادگای تاوانەکان بە هەشت مانگ زیندان و ٧٤ قامچی سزای دراوە.

جێی ئاماژەیە کە، دانیشتنی دادگای عەلیپوور بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە چووە و سزاکەی بە شێوەی زارەکی پێ ڕاگەیەندراوە و ئەم هاووڵاتییە کە لە ١٩ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو  دەسبەسەر کرابوو، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا بەهۆی تەقەی ساچمەیی هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم بریندار ببوو و هەروەها بەهۆی کەمتەرخەمی و ئەشکەنجە لە بەندیخانە، برینەکانی تووشی هەوکردن بوون و بەشێک لە ساچمەکان لەناو جەستەیدا ماونەتەوە و بەشێکی دیکەشیان بە ناچاری لەو ماوەیەدا لە جەستەی هاتوونەتە دەرەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*