سزای لەسێدارەدانی ئاروین خێرخاهان، دەسبەسەرکراوی مانگی بەفرانبار لەلایەن ڕێژیمەوە بە نهێنی جێبەجێ کرا

خۆڕاگری: ئاروین خێرخاهان، دەسبەسەرکراوی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردووی خەڵکی شاهروود، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە بەشێوەی نهێنی لەسێدارە درا.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی “١ی ئاگۆستی ٢٠٢٦ی زایینی” سزای لەسێدارەدانی ئاروین خێرخاهان، لاوی تەمەن ٢٠ ساڵان و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری شاهروود لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە نهێنی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی بنەماڵەکەی، جێبەجێ کرا.

بەرپرسانی بەندیخانەی شاهروود سەرەڕای جێبەجێکردنی سزاکە، لە ڕادەستکردنی تەرمی ناوبراو بە بنەماڵەکەی خۆیان بواردووە و بە وتەی سەرچاوەکان، دەزگای سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە بنەماڵەی خێرخاهانیان ڕاگەیاندووە کە تەنیا دەتوانن بەیانیی یەکشەممە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکە سەردان بکەن، ئەوەش لە کاتێکدایە کە دەبێت ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکە کاتژمێر ٥ی بەیانی و لەژێر چاودێری و گوشاری توندی هێزە سەرکوتکەرەکاندا بەڕێوە بچێت.

جێی ئاماژەیە کە، ئاروین خێرخاهان کە لە میانەی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاهرودەوە بە تۆمەتی موحارەبە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو و سەرەڕای ناڕەزایەتی دەربڕین و تانەدان لە بڕیارەکە، دیوانی باڵای ڕێژیم سزاکەی پشتڕاست کردبووەوە و تا ئێستا وردەکاریی زیاتر لەبارەی پڕۆسەی دادگاییکردن، مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ و چۆنیەتیی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی ناوبراودا بەهۆی ڕێکارە قەزاییەکان ڕوون نەبووەتەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*