خۆڕاگری: ئەمیر خالیدیان، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی قوروە، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ٥٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی، لە بەندیخانەی ئەو شارە، ئازاد کرا.
ڕۆژی سێشەممە، ۱۳ی گەلاوێژی ۱٤۰٥ی هەتاوی “٤ی ئاگۆستی ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومانی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ئەمیر خالیدیان، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری قوروە، لە سەرەتای مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا لەلایەن هێزەکانی سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا و لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا بەبێ ئەوەی بە فەرمی تۆمەتەکانی بۆ ڕوون بکرێتەوە یان ڕێکارە یاساییەکانی لێکۆڵینەوە بە شەفافی بەڕێوە بچن، لە دۆخێکی نادیار و بێبڕیاردا ڕاگیرابوو.
بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکەی بۆ ناوەندە قەزاییەکانی ڕێژیم بۆ زانینی چارەنووسی ناوبراو، بێئاکام مابووەوە و هیچ وەڵامێکی ڕوونیان پێ نەدرابوو و هەروەها تائێستاش هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەکردن، چۆنییەتی ئازادبوونی، دانانی بارمتە و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.
شایانی باسە کە، ئەمیر خالدیان لە ناڕەزایەتی بە درێژەکێشانی دەسبەسەرکردنی و نادیاربوونی ڕەوتی دۆسیەکەی، بۆ ماوەیەک مانی لە خواردن گرتبوو و هەروەها زانیارییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملی، لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا بووە و لە مافی ئاگاداربوون لە تۆمەتەکان و بەڵگەکانی دۆسیەکەی بێبەش کراوە.

Be the first to comment