خۆڕاگری: تارا فەرهەنگیان، کچە خوێندکاری خەڵکی قوروە، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە، سزای بەندکردن، لێدانی قامچی و دوورخستنەوەی بەسەردا سەپێندراوە.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی “١٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕێ ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: تارا فەرھەنگیان، خوێندکاری تەمەن ٢١ ساڵانی بەشی وەرزشیی زانکۆی هەمەدان و هاووڵاتیی خەڵكی شاری قوروە، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی ڕێژیم لە قوروە، بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی و سەرپێچی لە فەرمانی هێزە سەرکوتکەرەکان، سزای یەکساڵ بەندکردنی تەعزیری، ٣١لێدانی قامچی و دوو ساڵ دوورخستنەوەی بۆ شاری “زابل” لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانـی بەسەردا سەپێندراوە.
ناوبراو لە دۆسیەیەکی دیکەدا کە لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە، بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزام و پیلانگێڕی بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای پێبژاردنی ١٢٠ ملیۆن تمەن پارەی وەک پێبژاردنی بەسەردا سەپێندرا و هەروەها تارا لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش ماوەیەک لە ڕاگیران لە بەندیخانە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو، ئێستاش بڕیارەکان بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراون.

Be the first to comment