خۆڕاگری: مێهدی ڕەوشەنی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی مەلەکشا، کە پێشتر لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو دەسبەسەر کرابوو، لە ئێستادا بە تۆمەتی قورس ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بۆتەوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ۲۲ی گەلاوێژی ۲۰۲٦ی زایینی” مێهدی ڕەوشەنی بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری مەلەکشا، کە لە کۆتاییەکانی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا جارێکی دیکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا، لە لقی ٦ی لێپرسینەوەی دادگای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە ئیلام، تۆمەتەکانی موحاربە و فساد فیەلئەرزی خراوەتە پاڵ و ئەو تۆمەتانە لە یاسای سزاکانی ئێراندا بە تاوانی قورس هەژمار دەکرێن و دەکرێ مەترسیی سزای سێدارە یان سزای زۆر توندی بەسەردا بسەپێت.
ناوبراو لە ئێستادا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ڕاگیراوە و دۆسیەکەی لە قۆناغی لێپرسینەوەدایە و هێشتا بڕیاری کۆتایی دادگای بۆ دەرنەچووە و هەروەها یەکەمجار لە ٢٦ی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری مەلەکشا دەسبەسەر کرا و دوای نزیکەی سێ مانگ ڕاگیران، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و پاشان دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە ئیلام، سزای ٣ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاند کە دواتر لە قۆناغی پێداچوونەوەدا سزاەکە بۆ ٩ مانگ کەم کرایەوە.

Be the first to comment