کامیاران؛ هێرشی بۆ سەر ماڵی دوو هاووڵاتی دەسبەسەرکردنیان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیم

خؤڕاگری: بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٥، ١٣ ژوئەنی٢٠٢٦ زاینیی هێزەکانی وەزارەتی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی لە شاری کامیاران، بە هەڵکوتانە سەر ماڵی «سەردار ڕەحمانی» و «ئیحسان ڕەحمانی» و پشکنینی وردی ماڵەکانیان، هەردوو برایان بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئەو شارە بانگهێشت کرد. لە پاش چوونە ژوورەوەیان بۆ ئەو ئیدارەیە، تا ئەم ساتە هیچ هەواڵ و زانیارییەک لە چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.هێزەکانی وەزارەتی ئیتڵاعات، لە پاش پشکنینی تەواوی ماڵەکانیان، مۆبایلەکانی ئەم دوو برایەیان دەست بەسەردا گرتووە.

ئەم دوو برایە پێشتریش لە ساڵی ١٤٠٤ بەهۆی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆز و بەکارهێنانی هێما و نیشانە نەتەوەییەکان، بۆ ئیدارەی ئیتڵاعات بانگهێشت کرابوون و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرابوو.

سەردار و ئیحسان ڕەحمانی، ئامۆزای «کەژاڵ ڕەحمانی» و «دانیال ڕەحمانی»ن؛ کە ئەوانیش لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکانی کوردستانن و لە ڕێکەوتی ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥دا، بە هاوکاریی «عیسا فەیزی» (هاوسەری کەژاڵ ڕەحمانی)، دەستبەسەر کراون. ئەم سێ کەسە لە کاتی دەستبەسەرکرانیانەوە تا ئێستا، بێبەش کراون لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، هەروەها لە ژووری تاکەکەسیی گرتووخانەکانی کامیاران و سنەدا ڕاگیراون.