بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ئۆنلاینی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی بەندکراوانی سیاسیی

خۆڕاگری: ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە بۆنەی ساڵیادی «ڕۆژی زیندانیی سیاسی»، کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینی تایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ئێکس» (سپەیس) بە ناونیشانی لە سەرکوتکردنی بیروباوەڕەوە تا تاوانی سیاسی؛ زیندانیی سیاسی، هێمای جیاکاری لە ئێراندا بەڕێوە برد.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەواڵیی «خۆڕاگری»، شەوی یەکشەممە، ١٠ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی بەرانبەر بە ٣١ی مای ٢٠٢٦ی زایینی، ئەم بەرنامەیە هاوکات لەگەڵ ساڵیادی لەسێدارەدانی ٥٩ زیندانیی سیاسیی کورد لە ساڵی ١٣٦٢ بەڕێوە چوو؛ ئەو ڕۆژەی کە لە لایەن ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانەوە بۆ ڕێزگرتن لە خۆڕاگریی تێکۆشەرانی کورد، بە «ڕۆژی زیندانیی سیاسی» ناودێر کراوە و لەم کۆبوونەوەیەدا کە بە ئامادەبوونی چالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤ بەڕێوە چوو و بەشداربووان ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی سەرکوت، ئەشکەنجە و جیاکاریی سیستەماتیک دژ بە چالاکانی ئازادیخواز و نەتەوەکانی ژێردەستە لە ئێراندا خستە بەر باس.

لەسەرەتای بەرنامەکەدا، شەهین بایزیدپوور، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و چالاکی بواری ژنان و منداڵان، لە شیکارییەکی گێڕانەوەیی-یاساییدا، دۆخی ژنانی لە بەندە سیاسییەکاندا تاوتوێ کرد، ناوبراو بە هاوبەشیپێکردنی ئەزموونەکانی سەردەمی دەسبەسەربوونی خۆی، بۆ یەکەمین جار بەشێکی فراوانی ئازارەکان و جیاکارییە ئاشکرا و پێکهاتەییەکانی نێو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی بۆ ڕای گشتی ڕوون کردەوە.

هەروەها لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، فەریبا بورهانزەیی، چالاکی سیاسیی بەلووچ و ئەندامی دەفتەری سیاسیی «حیزبی گەلی بەلووچستان»، تیشکی خستە سەر بێبەشکاری و جیاکارییە هەمەلایەنەکان لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و کەلتووریدا دژ بە نەتەوەی بەلووچ، ناوبراو پێکهاتەی دەسەڵاتداری لە ئێراندا بە سیستەمێکی ئایینسالاریی سەدەی ناوین وەسف کرد کە هیچ جۆرە بەشداریکردنێکی جەماوەریی تێدا نییە، بورهانزەیی جەختی لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی هاوپشتی و یەکگرتوویی لەنێوان گشت چین و توێژەکانی ئێران، بەتایبەت نەتەوەکانی ژێردەستە کردەوە.

حەسەن حاتەمی، چالاکی سیاسی و بەندکراوی پێشوو کە ئەزموونی دەسبەسەربوونی لە هەردوو دەسەڵاتی پێشوو و ئێستای ئێرانی هەیە، بەشداربووی دیکەی بەرنامەکە بوو، ناوبراو ڕەهەندەکانی کەسایەتیی بەندکراوانی سیاسی و میکانیزمە ئەندازیاریکراوەکانی جیاکاری لە زیندانەکاندا شیکردەوە، حاتەمی بە گێڕانەوەی لەسێدارەدانە نادادگاکان و بێ دادگاییکردن، پرۆسەی دەرکردنی بڕیارەکانی بە تەواوی نادادپەروەرانە وەسف کرد کە تێیدا زۆرێک لە زیندانییانی بێتاوان ڕەوانەی پەتی سێدارە کراون.

جێی ئاماژەیە کە، ئەم کۆبوونەوە ئۆنلاینە بە خستنەڕووی پرسیاری بەشداران لەبارەی ڕێکارەکانی تێپەڕین لە دۆخی ئێستا کۆتایی پێ هات و هەروەها لە کۆتاییدا، میوانانی بەرنامەکە جەختیان لەسەر پێویستیی تێپەڕین لە سیستەمە سیاسییە تۆتالیتارەکان و هەنگاونان بەرەو بەڕێوەبەرییەکی مۆدێرن، شیاو و دێموکراتیک لە وڵاتێکی فرەنەتەوەیی وەک ئێراندا کردەوە تا گشت خەڵک بتوانن مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هەبێت.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*