ناڕوونی چارەنووسی ژنەهونەرمەندێکی دەسبەسەرکراوی کورد پاش دە ڕۆژ

خۆڕاگری: دوای تێپەڕبوونی ۱۰ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی ژینا ئەحمەدی، هونەرمەندی خەڵکی مەریوان و دامەزرێنەری ماڵی مۆسیقای “ژیڵەمۆ”، هێشتا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنەدا ڕاگیراوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ۱۳ی ڕەزبەری ۱٤۰٥ی هەتاوی (۵ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۶ی زایینی)، ژینا ئەحمەدی، هونەرمەندی خەڵکی گوندی نگڵ و دانیشتووی شاری مەریوان و هەڵگری ناسناوی هونەریی ژیڵەمۆ، لە ماڵەکەی خۆیدا لە مەریوان، لەلایان هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و ماوەی ۱۰ڕۆژە چارەنووسی ناروونە.
ناوبراو ئێستا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە ڕاگیراوە و لەماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفوونی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
شایانی باسە کە، ژینا ئەحمەدی دامەزرێنەری ماڵی مۆسیقای ژیڵەمۆ، لە شاری مەریوانە کە لە بواری فێرکاری، گۆرانیبێژی، وێنەکێشی و سینەما بۆ منداڵان چالاکیی هەیە و
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هونەرمەندە، زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا نییە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*