سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی مانگی بەفرانباردا

خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی قوروە بە ناوەکانی ئەشکەن مالیکی و مێهرداد محەممەدی‌نیا، لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی  تارانەوە بە تۆمەتی «موحارەبە» سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی دووشەممە، ١١ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی “١ی ژووئەنی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ئەشکەن مالیکی و مێهرداد محەممەدی‌نیا، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری قوروە کە لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە تاران دەسبەسەر کرابوون، لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەژێر سەرپەرشتیی قازی «ئەبوولقاسم سەڵەواتی» بەتۆمەتی “محاربە” سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.

پڕۆسەی دادگاییکردنی مالیکی و محەممەدی‌نیا بە تەواوی لە دەرەوەی پێوەرە نێونەتەوەییەکانی دادگاییەکی دادپەروەرانە بووە و لە مافی هەبوونی پارێزەری هەڵبژێردراو بێبەش کراون و سزاکەیان تەنیا لەژێر گوشاری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمدا و لەسەر بنەمای ئەو دانپێدانانە سەپێنراوە کە لەژێر ئەشکەنجە و ئازاردا لێیان وەرگیراوە.

جێی ئاماژەیە کە، پێشتر میدیای فەرمیی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی دیمەنی دانپێدانانە زۆرەملێکان، هەوڵی داوە کە دۆسیەکە وەک «کردەوەی ئۆپەراسیۆنی بۆ لایەنە دەرەکییەکان و هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی» بخاتەڕوو، ئەو تۆمەتانە لەلایەن کەسوکاریانەوە بە توندی ڕەت کراونەتەوە و هەروەها لە ئێستادا نیگەرانییەکی زۆر لەبارەی چارەنووسی ئەم دوو هاووڵاتییە هەیە و مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەکە لە هەر ساتێکدا لە ئارادایە، چالاکانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن کە بێبەشکردنی دەسبەسەرکراوان لە مافە سەرەتاییەکانی بەرگری، ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ بەکارهێنانی دادگاکان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی زیاتری ناڕازییان.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*