دەسبەسەرکردن و بێسەروشوێنکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان لەلایەن ڕێژیەوە

خۆڕاگری: زیاتر لە دوو حەفتەیە پێژمان حاجیزادە، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.
ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی جۆزەردانی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۲۷ی مای ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: شەوی سێشەممە ٢٢ی بانەمەڕی ١٤٠٥ـی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی پێژمان حاجیزادە، هاووڵاتیی حەڵکی شاری بۆکان و دەسبەسەریان کردووە و هێندێک لە کەلوپەلە تایبەتییەکانییان بردووە.
ناوبراو بە دیاریکراوی خەڵکی گوندی گامێشگولی و دانیشتووی شاری بۆکانە و پاش دەسبەسەرکردنی، بۆ لێکۆڵینەوە گوازتراوەتەوە بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری ورمێ و هەروەها تەنیا جارێک توانیویەتی پەیوەندییەکی تەلەفوونیی کورت لەگەڵ بنەماڵەکەی ئەنجام بدات و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکەی تا ئێستا بێئاکام بووە و بەرپرسانی پەیوەندیدار خۆیان لە وەڵامی ڕوون و ئاشکرا سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو دەبوێرن.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*