خۆڕاگری: دەزگای قەزایی ڕێژمی ئێران، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی ئومێد بێهزاد و پووریا سەفوەتـی جێبەجێ کرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ۱۲ی گەلاوێژی ۱٤۰٥ی هەتاوی ” ۳ی ئاگۆستی ۲۰۲٦ی زایینی” دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران ئومێد بێهزاد و پووریا سەفوەت، دوو بەندکراوی سیاسی بەتۆمەتی سیخوڕیکردن و هاوکاریی هەواڵگری لەگەڵ ئیسرائیلی لە سێدارە داوە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم دوو بەندکراوە لە ماوەی ڕابردوودا زانیاریی هەستیاری سەربازی، ئینتزامی و ئەمنییان لە ڕێگەی کەناڵە جیاوازەکانەوە بە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل گەیاندووە.
سزای لەسێدارەدانی ئەو دوو بەندکراوە پاش ئەوەی لە دیوانی باڵای ڕێژیمدا پشتڕاست کرایەوە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ جێبەجێ کرا و هەروەها پێشتر ڤیدیۆیەک لە دانپێدانانی ئەم دوو بەندکراوە بڵاو کرابووەوە، بەڵام ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەهۆی نەبوونی شەفافیەت و دادگاییکردنی نادادپەروەرانە، ئەو جۆرە دانپێدانانەی لەژێر گوشار و هەلومەرجی نادیاردا تۆمار دەکرێن.

Be the first to comment