سەپاندنی سزای قورس بەسەر دەسبەسەرکراوێکی مانگی بەفرانباری کورد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: خەلیل ڕەسووڵی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆجنورد و لە بریندارە دەسبەسەرکراوەکانی خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە، سزای ٨٠ ساڵ بەندکردن، لێدانی٨٠ قامچی و دوو ساڵ دوورخستنەوەی بەسەردا سەپێندراوە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ۲٨ی جۆزەردانی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۱٨ی ژووئەنی ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: خەلیل ڕەسووڵی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری “بۆجنورد”ـی سەبە پارێزگای خۆراسان، سەرەڕای هەبوونی برینێکی قووڵ کە بەهۆی بەرکوتنی گوللەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دروست بووە، ماوەی سزادانەکەی لە دۆخێکی نالەباردا لە بەندیخانەی وەکیل‌ئاوای مەشهەد تێدەپەڕێنێت و بەرپرسانی قەزایی، یاسای کۆکردنەوەی سزاکانیان  لە دۆسیەکەیدا هەڵوەشاندووەتەوە.
ناوبراو لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا، لە ڕەوتی دادگاییکردنی تەواو نادادپەروەرانەدا و لە کاتێکدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە بۆجنورد تۆمەتەکانی پێ ڕاگەیەندراە و بە تۆمەتگەلی وەک هاندان بۆ ئاژاوەگێڕی، پرۆپاگەندە بەدژی بە نیزامی ڕێژیم و تێکدانی موڵکی گشتی سەرجەم سزای ٨ ساڵ بەندکردن، لێدانی ٨٠ قامچی و ٢ ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری خاش لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان‌ـی بەسەردا سەپێندراوە.
جێی ئاماژەیە کە، بەپێی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی (یاسای کۆکردنەوەی سزاکان)، دەبوو قورسترین سزا، واتە ٦ ساڵ بەندکردن لەم سزایە جێبەجێ بکرێت، بەڵام قازی بە ڕوونی بە بنەماڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییەی ڕاگەیاندووە کە یاسای کۆکردنەوەی سزاکان لەسەر ئەو جێبەجێ ناکرێت و دەبێت تەواوی سزاکان تێپەڕێنێت،
خەلیل ڕەسووڵی لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لە کاتی خۆپێشاندانی جەماوەری لە شاری بۆجنورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم دوو گوللەی دەمانچە بەر قاچی کەوتووە بە قورسی بریندار بوو، لە کاتێکدا لە ماڵی خۆیاندا بە برینداری کەوتبوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی بۆجنورد گوازرایەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*