خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی ئیلام بەناوی مێهدی کەریمی کە لە دەسبەسەرکراوانی مانگی بەفرانبارە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی “١٨ی ژووئەنی ٢٠٢٦ی زایینی” لە درێژەی هەڵمەتی بەرفراوانی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پارێزگای ئیلام، مێهدی کەریمی، هاووڵاتیی خەڵکی مەلەکشا و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکاهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا لەلایەن هیزە سەروتکەرەکانەوە بە توندی کەوتووەتە بەر لێدان و ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی، تا لە کۆتاییدا ناچار کراوە لە ڤیدیۆیەکدا دان بە تاوانە داتاشراوەکاندا بنێت و ڤیدیۆکە لەلایەن ڕاگەیاندنەکانی سەر بە دەسەڵاتی ڕێژیمەوە بڵاو کراوەتەوە.
جێی ئاماژەیە کە، مێهدی کەریمی لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە مەلەکشا، بەهۆی وێنەیەکی هێمایی و ناڕەزایانە کە لەسەر کورسییەک لە بەرانبەر باڵەخانەی فەرمانداریی شارەکەدا گرتبووی، ناوبانگێکی زۆری پەیدا کرد و هەر لەوکاتەوە بۆ ماوەی چوار مانگ لەژێر گوشار و لێپرسینەوەی بەردەوامی دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بووە.

Be the first to comment