مافی مرۆڤ، لە پەراوێزی بەرژەوەندییە سیاسییەکان و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان(ڕیککەوتنی ئێران و ئامریکا وەک نموونە)

✍️: سەلاح خزرپوور

لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، ئەوەی هەمیشە وەک بڕبڕەی پشتی پەیوەندییەکان دەمێنێتەوە، بەرژەوەندیی مادی و ئەمنی وڵاتانە. کاتێک باس لە پەیوەندییەکانی نێوان زلهێزەکان و دەسەڵاتە تۆتالیتارەکان دەکرێت، ڕەوشی مافی مرۆڤ زۆرجار وەک کاڵایەکی بێبایەخ لە سەر مێزی دانوستانەکاندا دادەنرێت و دەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکان. نموونەی بەرچاوی ئەم تێڕوانینە، مامەڵە و ڕێککەوتنەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

ئەگەر سەیری مێژووی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بکەین، دەبینین کە لە زۆربەی وێستگەکاندا، ئامانجی سەرەکی گەیشتن بووە بە سنووردارکردنی هەژموونی ناوچەیی یان بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکەی ئێران. لەم نێوەندەدا، ئەو پرسانەی پەیوەستن بە کەرامەتی مرۆڤ، ئازادیی ڕادەربڕین و مافە سەرەتاییەکانی تاک لە جوگرافیای ئێراندا، بە تەواوی پشتگوێ خراون.

لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا دەکرێت ئاسایشی نێودەوڵەتی بە بێ ڕەچاوکردنی ئاسایشی مرۆیی بەدی بێت؟ وەڵامەکەی واقعێکی تاڵە کە کاتێک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرانبەر لەسێدارەدانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان، بەتایبەتی بەندکراوانی سیاسی، کوشتنی خۆپیشاندەران و سەرکوتکردنی بێوێنەی ناڕازییان بێدەنگ دەبێت، ڕاستەوخۆ مۆڵەتی بەردەوامبوونی ئەو پێشێلکارییانە بە دەسەڵات دەبەخشێت.

جێگەی داخە کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، تەنانەت ئەو دەزگایانەی نەتەوەیەکگرتووەکان کە بە ناوی پاراستنی مافی مرۆڤەوە دایمەزراندوون، لە ئاست ئەو تراژیدیا مرۆییە لە ئێراندا کەوتوونەتە دۆخێکی سڕبوون و بێدەنگییەوە. ئەم بێدەنگییە، زۆربەی وڵاتانی ئازاد و دێموکراتیکیش دەگرێتەوە کە لە پێناو پاراستنی ڕێککەوتنێکی سیاسیی کرچ و کاڵ، چاو لە تاوانەکانی سەر مرۆڤ و پێشێلکارییەکان دەپۆشن.

کاتێک ڕێککەوتنێک بە ناوی “ئاسایش” یان “سەقامگیری”لە ناوچەدا ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە ژێرەوەی ئەو ڕێککەوتنەدا، خەڵک بە تاوانی و بیانووی سیاسی، ئایدۆلۆژی یان ویستی ئازادی و نەتەوەیی لە سێدارە دەدرێن، ئەو ڕێککەوتنە لە ڕووی ئەخلاقییەوە پووچەڵە و هیچ بەهایەکی ئینسانی نییە. مافی مرۆڤ نابێت هەرگیز وەک “کارتی فشار” یان “قوربانیی دانوستان” سەیر بکرێت.

لە هەمووی مەترسیدارتر ئەوەیە کە لەم دانوستانانەدا، ڕێز بۆ ڕاو بۆچوونی ئەو نەتەوە و گەلانە دانانرێت کە لە جوگرافیای ئێراندا دەژین و بە کردەوە لەژێر گوشاری دەسەڵاتێکی زۆرەملێدا “وەزاڵەهاتوون”. کاتێک زلهێزەکان لە سەر سەری خەڵکێک، لەگەڵ دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر ڕێک دەکەون و ئیرادەی ئەو خەڵکە بە هێچ وەردەگرن، ئەمە خۆی لە خۆیدا گەورەترین پێشێلکاریی مافی مرۆڤە.

خەڵکی ئەو جوگرافیایە، سەرەڕای هەموو ئاستەنگییەکان، بەردەوام خەونی ئازادی و مافی چارەی خۆنووسینیان هەیە. پشتگوێخستنی ئەم دەنگانە لە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکاندا، نەک تەنها کێشەکە چارەسەر ناکات، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی ناکۆکییەکان قووڵتر دەکاتەوە.

لە کۆتاییدا هیچ ڕێککەوتنێکی سیاسی جێگەی پەسەند نییە ئەگەر کەرامەتی مرۆڤی تێدا پارێزراو نەبێت. جیهان پێویستی بەوەیە چیتر مافی مرۆڤ نەخاتە ژێر پێی بەرژەوەندییە کورتخایەنە ئابووری و سیاسییەکان. ئاشتیی ڕاستەقینە لەوێوە دەست پێدەکات کە دەنگ و ئیرادەی مرۆڤەکان، بەبێ جیاوازیی نەتەوەیی و ئایدۆلۆژی، بە بڕیارێکی جیهانیی ڕێزی لێ بگیرێت. بێدەنگی لە ئاست لەسێدارەدان و سەرکوت، نەک هەر سیاسەتێکی عاقڵانە نییە، بەڵکو بەشداریکردنە لەو تاوانەی کە ڕۆژانە لە دژی مرۆڤایەتی لەو جوگرافیایە ئەنجام دەدرێت.