خۆڕاگری: پێنج هاووڵاتیی خەڵکی کامێران، بەهۆی بەشداریکردنیان لە مانگرتنی۲٥خەرمانان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ۲٦ی خەرمانانی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۱۷ی سپتامبەری ۲۰۲٦ی زایینی” لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتی و مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خەرمانان، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری کامێران پێنج هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیان دەسبەسەر کردووە کە بریتین لە: حیسام عەبدینیا، خەڵکی گوندی گازرخان و دانیشتووی شاری کامێران، یاسر حوسێنی، خەڵکی گوندی لۆنسادات و دانیشتووی شاری کامێران، ئارەزوو دەشتی، هاوسەری حیسام عەبدینیا، شاپوور عەبدینیا، خەڵکی گوندی گازرخان و دانیشتووی شاری کامێران و پەیام باقری، دانیشتووی شاری کامیاران.
دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییانە لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە ئەمنییەدا بووە کە بۆ ڕێگری لە بەشداریکردنی خەڵک لە مانگرتنی ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی ئەنجام دراوە و لەو دەسبەسەرکراوانە، ئارەزوو دەشتی، شاپوور عەبدینیا و پەیام باقری، دوای ڕاگیرانی شەوێک، بە دانانی بارمتە واژۆکردنی بەڵێننامەیەک ئازاد کراون، بەڵام چارەنووسی حیسام عەبدینیا و یاسر حوسێنی هێشتا ڕوون نییە.
جێگای ئاماژەیە کە بەپێی زانیاریی خەڵکی ناوچەکە، لە لیستەکەدا “پەیام باقری”، کوڕی کەسایەتییەکی دیاری ناوچەکەیە کە بە هاوکاریی نزیک لە دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ناسراوە، ئەمەش بووەتە هۆی سەرنجی زیاتری ڕای گشتی لەسەر ئەم ڕووداوە لە شاری کامێران.

Be the first to comment