دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران زیندانییەکی سیاسیی دیکەی لە سێدارە دا

خۆڕاگری: حوسێن پێدران، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی ئیسفەهان، لەلایەن دەزکای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە بەتۆمەتی هاوکاریکردنی ئیسرائیل لە سێدارە درا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە، ۲٨ی خەرمانانی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۱۹ی سێپتامبەری ۲۰۲٦ی زایینی” دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەسێدارەدانی حوسێن پێدران، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری ئیسفەهانی جبەجێ کرد و بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی دەسەڵاتی قەزایی ڕێژیمی ئێران، حوسێن پێدران تۆمەتبار کراوە بەوەی زانیاریی وردی لەبارەی پێگە سەربازی و مووشەکییەکانی پارێزگای ئیسفەهانەوە بە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) داوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نیگەرانیی جددییان لەبارەی پرۆسەی دادگاییکردن و شێوازی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی ناوبراودا هەیە و سەرەڕای ئەوەی دامەزراوە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ڤیدیۆیەک وەک دانپێدانان بڵاویان کردووەتەوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی سەربەخۆ سەبارەت بە چۆنیەتیی دەسبەسەرکردن، مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و شێوازی لێپرسینەوەکان لە بەندیخانەدا لەبەردەستدا نییە.
جێی ئاماژەیە کە، چاودێرانی سیاسی و چالاکوانانی مافی مرۆڤ بە گومانەوە لەم جۆرە دانپێدانانانە دەڕوانن و دەڵێن، زۆرجار بەهۆی گوشاری دەروونی و جەستەیی لە بەندیخانەکان وەردەگیرێن و دادگاییکردنەکانیش لە دۆسیە ئەمنییەکاندا لە دەرەوەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی دادپەروەری و شەفافییەت بەڕێوە دەچن و جێبەجێکردنی ئەم سزایە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدان لە ئێران دەستی پێ کردووە و ڕەخنەی توندی ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی لێ کەوتووەتەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*