خۆڕاگری: گوڵاڵە وەتەندووست و سوهەیلا موتاعی، دوو چالاکانی مافی ژنان و دەسبەسەرکراوی سەردەمی بزووتنەوەی ژینا، پاش ١٠ڕۆژ ڕاگیران لەژێر چاودێریی پێبەندی ئەلیکترۆنیدا لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کران.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی “٢١ی ژووئەنی ٢٠٢٦ی زایینی” سوهەیلا موتاعی، چالاکی مافی ژنانی خەڵکی شاری دێولان لە پارێزگای سنە، دوای تێپەڕبوون ٩ ڕۆژ دەسبەسەربوون لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە، بە پێبەندی ئەلیکترۆنی و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کراوە.
ناوبراو ڕۆژی شەممە ٢٣ی جۆزەردانی ئەمساڵ، دوای بانگکردنی بۆ بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی ڕێژیم لە دێولان بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزادانەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی سنە گوازرایەوە و هەروەها دووشەممە ٢٠ی ڕەشەممەی ١٤٠٣ی هەتاوی، لە دوای بەشداربوون لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی ژنان (٨ی مارس) لە سنە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتەوە لە دێولان دەسبەسەر کرا و دوای حەفتەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و لە سەرماوەزی ساڵی ڕابردوودا لەلایەن دادگای تاوانەکانی ڕێژیمەوە دێولان، بە تۆمەتی پرۆپاگەندە دژ بە نیزام و بڵاوکردنەوەی بابەت لە میدیاکانی دەرەوەی ئێران، سەرجەم سزای ٦مانگ بەندکردنی تەعزیری و ٣ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرا.
هاوکات، لەم دواییانەدا گوڵاڵە وەتەندووست پارێزەری پلە یەکی دادگا، چالاکی مافی ژنان و هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەریوان و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، دوای تێپەڕاندنی نزیکەی مانگێک بەندکردن، بە پێبەندی ئەلیکترۆنی و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کراوە و لە ١٢ی بانەمەڕی ئەمساڵدا بە مەبەستی تێپەڕاندنی ٦ ساڵ و ٧ مانگ و ٢٠ ڕۆژ سزای بەندکردنەکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کرا.
ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمەوە لە بە تۆمەتەکانی پرۆپاگەندە دژ بە نیزام، «هەوڵدان دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی» و «ئەندامێتی لە گرووپە نەیارەکانی نیزام» بە ٦ ساڵ و ٧ مانگ و ٢٠ ڕۆژ بەندکردن مەحکووم کرابوو.

Be the first to comment