دۆخی تەندروستیی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکرا بەھۆی مانگرتن لە خواردنەوە ناجێگیرە

خۆڕاگری: کەژاڵ ڕەحمانی، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەسبەسەرکردنی نایاسایی، گوشار خستنە سەر بنەماڵەکەی و هەوڵی ناوەندە سەرکوتکەرەکان بۆ دۆسیەسازی و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لە بەندیخانە مانی لە خواردن گرتووە.

ڕۆژی دووشەممە، ١ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، “٢٢ی ژووئەنی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: کەژاڵ ڕەحمانی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری کامێران، کە لە ڕێکەوتی ١٦ی جۆزەردانی ئەمساڵ، دەسبەسەر کراوە، ماوەی دوو حەفتەیە لە بەندیخانە مانی لە خواردن گرتووە و بەوهۆیەوە تووشی دابەزینی توندی پەستانی خوێن بووە و لانیکەم جارێک لە ژووری تاکەکەسیدا بوراوەتەوە و دۆخی تەندروستیی لە مەترسیدایە.

سەرباری هۆشداریدانی پزیشکانی بنکەی تەندروستیی بەندیخانەکە لەسەر مەترسییەکانی سەر ژیانی و پێویستیی کۆتاییهێنان بەم مانگرتنە یان لێدانی سیرۆم، ناوبراو سوور بووە لەسەر بەردەوامیی مانگرتنەکەی و دەڵێ: تا کاتی بەدیهاتنی تەواوی داواکارییەکانم و کۆتاییهێنان بە گوشارەکانی سەر بنەماڵەکەم، لە مانگرتن بەردەوام دەبم.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*